گرووپێکی هەڵپەڕکێی بانە بەشداری لە فیستیڤاڵێکی هونەری لە ئەرمینیا دەکات ​

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانە، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر بۆ هەڵپەڕکێ و گۆرانی لە ئەرمینیا بەشدارە و هونەرمەند رابەر کوردستانی گۆرانیبێژی گرووپەکە، لە بەشی گۆرانیگوتن بە جیا بەشدارە.
 
دەستەی هەڵپەڕکێی چالاک تاکە گرووپی کوردی بەشداربووە لە فیستیڤاڵەکەدا کە ئەمساڵ هەشتەمین خولی بەڕێوەدەچێت و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دوو ساڵی رابردوودا بەڕێوەنەچوو.
 
رابەر کوردستانی، لە میانەی بەشداریکردنی لە هەواڵە هونەرییەکانی رووداو کە بانوو دڵشاد رۆاژنە کاژێر 10:40 بەیانی پێشکێشی دەکات، بە رووداوی راگەیاند، ئەوان وەک نوێنەری گەلی کورد لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارن و گۆرانی، میوزیک و هەڵپەڕکێی رەسەنی کوردییان پێشکێشکرد.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان توانیویانە سەرنجی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵ و ئامادەبووان بەلای خۆیاندا رابکێشن، جگە لە میوزیک و هەڵپەڕکێی، تەنانەت بە جلوبەرگی کوردیش سەرسام بوونە.
 
کوردستانی، ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە فیستیڤاڵی هونەری و کولتووری لە جیهاندا سازدەکرێن و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی بێخەبەرە، پێویستە گرووپە باشەکانی باشووری کوردستان لەو جۆرە فیستیڤاڵانەدا ئامادە بن، هەرچەند ئەوان خۆیان بە نوێنەری هەموو گەلی کورد لە فیستیڤاڵەکەدا دەزانن.
 
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر بۆ هەڵپەڕکێ و گۆرانی، لە 15-7-2022 لە شاری تساخکادزۆری ئەرمینیا، بە بەشداری 16 گرووپی چەندین وڵاتی جیهان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە 17-7-2022 چالاکییەکانی کۆتایی دێت و خەڵاتەکانی ئاشکرا دەکرێن.
  
رابەر کوردستان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە، لە 21-10-2021 لە 14یەمین فیستیڤاڵی میوزیکی هەرێمی ئیران لە شاری کرمانی ئێران بەشداربوو و گۆرانی و حەیرانی ناوچەی موکریانی پێشکێشکرد.
 
رابەر کوردستانی بەم دواییە نوێترین بەرهەمی بەناوی 'سەما' بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە کە بەرهەمێکی شاد و هەڵپەڕکێیە و لە دوو گۆرانی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی پێکهاتووە و بە دەنگی ئەو و بە میوزکێکی نوێ تۆمارکراونەتەوە.
 
کاری دابەشکردنی میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن فەرهادی کووهی و بە ژەنیاری کەریم ساڵحی و ئومید دەبباغی ئەنجامدراوە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن ناسر حەیدەری کراوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکە لە نێو سرووشتێکی بەهاری جوان وێنەگیراوە، ئەویش بناری سوورکێو لە بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان.