نوهـ وایەل و ماتیۆ وینەر دەنگیان دەخەنە پاڵ ئەکتەر و سیناریۆنووسە مانگرتووەکان

رووداو دیجیتاڵ

نوهـ وایەل، ئەکتەری ئەمریکی و ماتیۆ وینەر، نووسەر و پرۆدیۆسەری تەلەڤزیۆنیی ئەمریکی، دەنگیان خستە پاڵ ئەکتەر و سیناریۆنووسەر مانگرتووەکانی هۆلیوود و لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بەشداربوون.
 
رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەکتەر و سیناریۆنووسە مانگرتووەکان زیاد دەکات و سیناریۆنووسەکان زیاتر لە سەت رۆژە مانیان گرتووە، دواتر مانگرتنی ئەکتەرەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لە دوای ئەوەی سیناریۆنووسەکانی هۆلیوود لە دەستپێکی ئایاری 2023 مانگرتنیان راگەیاند، لە نێوەڕاستی تەممووزی رابردوو ئەکتەرەکانیش چوونە پاڵیان و تاوەکو ئێستا لە گردبوونەوە و ناڕەزایی بەردەوامن و داوای جێبەجێکردنی داواکانیان لە ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی دەکەن.
 
سیناریۆنووس و ئەکتەرە هۆلیوودییەکان لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیادکردنی کرێی کارکردنیان دەکەن.
 
نزیکەی 65 هەزار ئەکتەر، زۆربەیان ساڵانە کەمتر لە 27 هەزار دۆلار لە کارەکەیان دەستدەکەوێت و بەم داهاتە کەمەش ناڕازین و لە پاڵ ئەواندا 11 هەزار و 500 سیناریۆنووس مانیان گرتووە.
 
بەم دواییە ئەکتەرە نێودارەکانی هۆلیوود بڕی 15 ملیۆن دۆلاریان بەخشییە ئەکتەر مانگرتووەکان لە کار، لەوانە لیۆناردۆ دی کاپریۆ، دوەین جۆنسن، نیکۆڵ کیدمەن، جولیا رۆبێرتس و هەروەها ئۆپێرا وێنفری، پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنی.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا و سەرەتا مانگرتنی نووسەر و سیناریۆنووسەکان دەستیپێکرد، دواتر ئەکتەرەکان.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە و کاریگەری کردووەتە سەر رێژەی بەرهەمهێنان.