پەیوەند جاف: نابێت تۆمارگە لە کوردستان بمێنێت

هەڤپەیڤین : رێكەوت سەلام

هونەرمەند پەیوەند جاف، هێشتا لەژێر كاریگەری لەدەستدانی دوو كەسی نزیكیدایە، یەكەمیان دایكی كە ماوەیەك لەمەوبەر كۆچی دوایی كرد و دووەمیان شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس كە خەزووری پەیوەندە و ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كرد. هەر بۆیەش بڕیاری داوە بەمزووانە بەشداری لە هیچ كۆنسێرت و ئاهەنگێكی جەماوەریدا نەكات.

پەیوەند جاف هەرچەندە دەڵێت كە ئەو كەسێكی سیاسی نییە، بەڵام لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) ئاشكرای دەكات كە هاموشۆی چەند بەرپرسێكی كوردستانی كردووە، بەڵام بە پلە یەك حەزی كردووە مام جەلال ببینێت. ئەو لاریی نییە لەوەی بەشداریی بۆنە حیزبییەكان بكات، بەڵام بە بەژن و باڵایاندا هەڵنەڵێت.

رووداو: لە شاری سنە كۆنسێرتێكت كرد، كە داهاتەكەی بۆ منداڵانی هەژار بوو، بۆچی هەمان كارت بۆ ئاوارەكانی شنگال نەكرد؟

پەیوەند جاف: هەر لەسەرەتای كارەساتی شنگال، كە ئەوكات لە سوێد بووم، بیرۆكەیەكم هەبوو بۆ یارمەتیدانی منداڵانی شنگال، بەڵام بەداخەوە باری تەندروستی دایكم خراپ بوو، دواتریش كۆچی دوایی كرد، بەهۆی ئەوەوە نەمتوانی.

رووداو: بەڵام رەخنەیەكی زۆرت لێگیرا، چونكە لەو رۆژەی كۆنسێرتەكەت سازكرد، ساڵیادی چەند شەهیدێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو؟

پەیوەند جاف: لەو جۆرە كارانەدا پڕوپاگەندە زۆر دەكرێن، كاتێك من داهاتی كۆنسێرتەكەم پێشكەشی منداڵانی نەخۆشی تالاسیمیا كرد، هەموو شتەكان بۆ خەڵك روون بوونەوە. دووەم، بەڕێكەوت ئەم كۆنسێرتە نزیكی ئەو رۆژە بوو، پاشان ئەگەر كارێكی واش بێت هونەرمەندی دیكە هەیە كە پەیوەندیان بە خۆیانەوە هەیە دەیانتوانی ئەوان بانگهێشت بكەن، نەك من.

پاشان ئەگەر كارێكی وام بكردایە ئەو كاتە دەمتوانی بۆ حیزبی بەعس ئەو كارە بكەم بۆچی بۆ ئێرانی بكەم، من نە ئێرانیم و نە لەوێش دەژیم و هیچ پەیوەندیەكم بە ئێرانەوە نییە، ئەو پڕوپاگەندانە تەنیا بۆ ناو پیسكردنە و هیچی دیكە نا. 

رووداو: دەگوترێت خراپترین كاری هونەری پەیوەند، ئەو ئەلبوومە بوو كە هەڵكەوت زاهیر كاری بۆ كردبووی؟

پەیوەند جاف: گۆرانیگوتن زەوقێكی هونەرییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، ئەو ئەلبوومە كۆمەڵێك ئەزموونی تێدا بوو بۆ من، چەند گۆرانییەكی زۆر جوانی تێدا بوو كە من بە گۆرانییە جوانەكانی نێو كاروانی هونەری خۆمی دەزانم، بۆ نموونە گۆرانی "پرسیار یان گۆرانی سپی" بەڵام هەندێ گۆرانیشی تێدا بوو لەسەر شێوازی "تەرەب" كە ئەو ستایلە بۆ دەنگی من نەدەبوو، یەكەم تەجروبەش بوو جارێكی دیكە دووبارەی ناكەمەوە.

رووداو: دەڵێن ئەمساڵ هیچ كۆنسێرت و بەرهەمێكت نابێت، بۆچی؟

پەیوەند جاف: زۆر راستە لەبەر ئەوەی دووكەسی جوانی ژیانم لە دەستچوون. ئەوانیش دایكی رەحمەتیم و شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس. ئەمەش وای لێكردم بەڕاستی ئەمساڵ هیچ كۆنسێرتێكی هونەری یان ئاهەنگێك نەكەم.

رووداو: د.فەرهاد پیرباڵ دەڵێ خەڵكی سلێمانی شێركۆ بێكەسیان كوشت، راستە؟

پەیوەند جاف: ئەگەر تۆ بتەوێت هەموو شتێك بە دڵی تۆ بێت، ئەوە قەت نابێ، بەڵام ئەو نوخبەیەی كە ئێمە بینیمان بە تەنگ مامۆستا "شێركۆ"وە رۆیشتوون، كە حزووریان هەبووە، بەبڕوای من ئەوە كافی بوو بۆ هەمووان. من دڵنیام ئەگەر كەسانی زۆر گەورەش كۆچی دوایی بكەن، بڕوا ناكەم بە قەد مامۆستا شێركۆیان بۆبكەن. جگە لەوەش پەیكەرێكی شایستە بۆ رۆحی مامۆستا شێركۆ دروستكراوە و لێرەوەش دەستخۆشی لە كاك شوان كەمالی پەیكەرتاش دەكەم.

رووداو: پێتوایە ئەو بەرهەمانەی كە بۆ پێشمەرگە تۆمار دەكرێن كارێكی باشن، چونكە زۆر لە هونەرمەندە ئەزمووندارەكان دەڵێن كارەكە بووەتە "زۆری و بۆری"؟

پەیوەند جاف: زۆر راستە، زۆری و بۆرییەك بەو كارانەوە دیارە. من زۆر دانیشتووم بۆ ئەوەی بتوانم كارێكی باش بكەم بۆ كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەم ناخۆشیانەی بەم دواییە بەسەرم هاتن كارەكانم راگرت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەبێت كارێك بكەم. 

رووداو: لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر كاری هونەری كرا، بەڵام ئێستا بەرهەمی هونەری زۆر كەم بووە بۆچی؟

پەیوەند جاف: راستە لە ماوەی رابردوو لافاوێكی زۆری گۆرانی هات، بەرهەمی هونەری زۆر زۆر بوو، خەڵك بێ تاقەت بوو لێی، ئێستا وای لێدێت كە لە بێژینگ دەدرێت. وردە وردە خەڵكەكەش فێری ئەوە بووە كە بزانێت گۆرانی باش و خراپ چییە و هەڵیبسەنگێنێ، من بەشبەحاڵی خۆم ئێستا كارەكانی ئەلبوومەكەم تەواوبووە و تەنیا گۆرانییەك نەبێت، لەو كاتەش كارەكانم رادەگرم هەتا ئەو بارودۆخەی كوردستان دەكەوێت بە لایەكدا ئینجا بڵاویدەكەمەوە، ئەوەتا من 7 ساڵە خەریكی ئەو ئەلبوومەم بۆ ئەوەی كۆمەڵێك بەرهەمی جوان بخەمە بازاڕەوە.

رووداو: تۆ لە كارە هونەرییەكانت سوودمەند بوویت؟

پەیوەند جاف: نەخێر. چونكە سیستەمێكی باشت نییە، لە رابردوودا كاری باش نەكراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هونەرمەند بتوانێت بە داهاتی ئەلبوومەكەی یان بە داهاتی ئاهەنگەكانی بژیت، بۆ نموونە بوونی تۆمارگە هەڵەیە، نابێت هەر هەبێت. چونكە تۆمارگە واتا شتەكانی تۆ كۆپی دەكات. دەبێت چەند شوێنێكی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمی هونەرمەندان بكرێتەوە.

رووداو: تۆ چ جیاوازیەك دەبینی لە نێوان ئاهەنگ و كۆنسێرت، چونكە تۆ  هەردووكیان دەكەیت؟

پەیوەند جاف: جیاوازییەكی زۆری هەیە، ئاهەنگ خەڵك هەڵدەپەڕێت و هیچ ئاگای لە گۆرانییەكە نییە، بەڵام لە كۆنسێرت خەڵك گوێت لێدەگرێت و چێژی لێوەردەگرێت.

رووداو: مەرجە هونەرمەند لە سیاسەت نزیك بكەوێتەوە؟

پەیوەند جاف: بە بڕوای من نابێت سیاسی بێت، بەڵام ئێستا بارودۆخ وای لێهاتووە، هەر لەخۆتەوە دەبیتە كەسێكی سیاسی. من قەت گۆرانی سیاسیم نەگوتووە لەسەر حیزبێكی تایبەت، من حەز دەكەم ئێمە هەموومان كوردستانیانە بیربكەینەوە نەك حیزبیانە.

رووداو: بەڵام تۆ لە كۆنگرەی 13ی پارتی گۆرانیت گوت، ئێستاش بە هەمانشێوە گۆرانی بۆ حیزبە سیاسیەكان دەڵێی؟

پەیوەند جاف: راستە گۆرانیم گوتووە بەڵام من گۆرانییەكانی خۆم گوتووە، نەك گۆرانی لەسەر پارتی. من ئامادەم بۆ هەموو حیزبێك گۆرانی بڵێم، بەڵام پێیاندا هەڵنەڵێم.

رووداو: نێوانت لەگەڵ بەرپرسان چۆنە، دەیانبینی؟ 

پەیوەند جاف: لە زۆریان نزیكم، چەند جارێك كاك نێچیرڤان بارزانیم بینیوە، كاك نەوشیروانم بینیوە. چەند بەرپرسێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیم بینیوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە مام جەلال ببینم و زۆریش حەزم دەكرد بیبینم، بەڵام بە داخەوە بارودۆخی ناجێگیر بوو، هیوادارم باری تەندروستی باشتر بێت.

رووداو: بۆچی بە یەكجاری ناگەڕێنەوە كوردستان، لێرە هەست بە ئاسوودەیی ناكەن؟

پەیوەند جاف: ئێمە بە خۆشی  و ناخۆشی كوردستانمان قەبوڵە، بەڵام بەشبەحاڵی خۆم زیاتر لەبەر منداڵەكانم ناگەڕێمەوە، چونكە لەوێ دەخوێنن.

رووداو: پێتوایە ئەو هونەرمەندانەی دەڵێن ئێمە كۆنسێرتی خێرخوازی دەكەین، یان كۆمەك بۆ ئاوارەكان كۆدەكەینەوە راست بكەن. یان ئەوە تەنیا رێكلامە؟

پەیوەند جاف: بێگومان هەیە و زۆریش هەیە. لەگەڵ رێزم بۆ چەند هونەرمەندێك، بەداخەوە هەندێكیان لە میدیاكان دەڵێن كاری خێرخوازیمان كردووە، بەڵام بەشێكی كەم لەو داهاتە بۆ كاری خێرخوازی دەڕوات. ئەمەش فێڵكردنە لە خودی خۆی و خەڵك و هیواداریم ئەوە رابگیرێ.