بێریڤان جەعفەر: یەکەم کچە کوردم گۆرانی بە ئیماراتی دەڵێم
رووداو- هەولێر
شەڕو ماڵوێرانی عەفرین و رۆژئاوای کوردستان، بێریڤانی ناچارکرد روو لە ئیمارات بکات، بێریڤان تەنیا گۆرانی شک دەبرد لەو ئازارو مینەتیە دەرباز بکات، بۆیە لە ئێمارات دەستی بکاری هونەری کردوو، لە پای گۆرانی و میوزیک بژێوی ژیانی پێ دابین دەکرد، ئێستا لە ئیمارات بێریڤان دەنگێكی ناسراوەو داخوازی زۆری لەسەرەو یەکەمین گۆرانیبێژی کوردە بە ئیماراتی گۆرانی دەڵێت، لەبارەی دواین چالاکی هونەری رووداو ئەم هەڤپەیڤینە کورتەی لەگەڵ سازکردووە.
رووداو: بێریڤان کێیە ؟
بێریڤان: من لە ساڵی 1990 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبوومە، هەر لە تەمەنی 8 ساڵیەوە دایک وباوکم زۆر هاوکاریان دەکردو دەیانگوت دەنگت زۆر خۆشە، ئیدی گرنگی تایبەتیان پێ دەدام و گۆرانییە کوردییەکانیان ئەزبەر دەکردم، دواتر لە قوتابخانە گۆرانیم دەگوت، پاشان کە گەیشتمە زانکۆ ئیدی لە سۆشیال میدیادا زۆر دەرکەوتم و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، ئەمەش وایکرد بەشێوەیەکی فەرمی دەست بەکاری هونەری بکەم ، دوای ئەو شەڕو ماڵوێرانییە بەسەر سووریاو رۆژئاوای کوردستان هات، ئیدی لەبەر شەڕ و خراپبوونی رەوشی عەفرین رامانکردوو ماوەی 3 ساڵە لە دوبەی ئیمارات دەژیم و کاری هونەری دەکەم .
رووداو: بۆچی یەکەمین گۆرانیت بە زمانی عەرەبییەو بەشێوەزاری ئیماراتیش گۆرانییەکەت بڵاو کردووەتەوە؟
بێریڤان: دوای ئەوەی گەیشتمە دوبەی دەستم بە گۆرانی گوتن کرد، ئیدی بۆ ئەوەی زیاتر لە نێو ئیماراتییەکان بناسرێم، گۆرانییەکم بەناوی "بعد قلبی" بەزمانی عەرەبی و شێوەزاری ئیماراتی وکەنداوی تۆمارکرد، کە لە ئاوازو تێکستی یوسف عومانییە، ئەو هونەرمەندە لە نێو کەنداو و ئیماراتییەکان ناوبانگییەکی زۆری هەیە و کاری زۆری بۆ هونەرمەندانی ناوداری کەنداوی عەرەبی کردووە، ئەم گۆرانییە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکراوە، ئێستا ئەم گۆرانییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب هەیەو بینەرێکی زۆری هەبووە، بڕیارە گۆرانی دووەمم، کە ئێستا کاری لەسەر دەکەم گۆرانییەکی کوردییەو بەشێوەزاری کورمانجی تۆماری دەکەم و لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە.
رووداو: ئیماراتییەکان چۆن پێشوازیان لە بەرهەمی تۆ کردووە ؟
بێریڤان: بێگومان ئیماراتییەکان یەکێکن لەو میللەتانەی زۆر کراوەن و پێشوازی لە کولتوورو فەرهەنگی جیاوازی دیکە دەکەن، پێموایە کۆمەڵگای ئیمارات زۆر پێشکەوتوون و بە رووی جیهان کراوەن، ئەمەش وایکردووە دەنگ و رەنگی زۆر جیاواز لە کولتووری عەرەبی و ئیماراتی لەم وڵاتەدا جێگایان ببێتەوە تێکەڵی کولتووری یەکدیش دەبن، ئەم گۆرانییەی من زۆر باش دەنگدانەوەی هەبووەو لە ئاهەنگ و کۆنسێرتەکان داواکاری زۆری لەسەر هەیە، جگە لەمەش لە یوتیوب و فرۆشگا ئۆنلاینەکان بینەری زۆر بووە.
رووداو: ئیماراتییەکان گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرن، زانیاریان لەسەر کولتووری کورد هەیە؟
بێریڤان: بەراستی ئیماراتییەکان زۆر زۆر حەز لە گۆرانی کوردی دەکەن، بەتایبەتی زۆر شەیدای گۆرانی هەڵپەڕکێ وشادی کوردین، هەمیشە لە کۆنسێرت و ئاهەنگەکانیاندا پێش هەموو شتێک داوای گۆرانی کوردیم لێ دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە ئاهەنگەکانیان ژن و پیاو بە جیا ئاهەنگ دەگێڕن، من دەچمە ئاهەنگی تایبەت بەژنان و هەرجارێ 3 گۆرانی بە کورمانجی لەسەرەتای کۆنسێرتەکە پێشكەش دەکەم کە دەبێتە جێی دڵخۆش ئیماراتییەکان ، ئەوان زانیاریان لەسەر فەرهەنگ و کولتووری کوردی هەیە.
رووداو: ژمارەی کورد لە ئیمارات زۆرە، چالاکی هونەری کوردی پێشکەش دەکەی؟
بێریڤان: بەڵێ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە ئیمارات دەژین، لە هەموو بۆنەکانی نەورۆز و جەژنەکانی دیکە ئاهەنگ وکۆنسێرتی کوردی سازدەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئیماراتییەکانیش پەیوەندەییەکی باشیان لەگەڵ کورد هەیەو هاوسۆزی گەلی کوردن، بۆیە هەمیشە لە بۆنە و ئاهەنگ و مەڕاسیمە کوردییەکان ئامادەبوونیان هەیەو پشگیری لە کورد دەکەن.
رووداو: ئیمارات لە نیو خەڵکدا زیاتر بە پێشکەوتنی بارزگانی و ئاوەدانکردنەوەو بینای بەرز ناسراوە، ئایا لە رووی هونەرییشەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟
بێریڤان: من پێوایە ئێستا زیاتر لە بازرگانی گرنگی بە هونەر دەدەن، بۆیە ئێستا دوبەی بووتە ناوەندێكی فراوانی هونەری، بۆیە بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهان لە دوبەی دادەنیشن و کاری هونەری دەکەن، کۆنسێرتەکان لە ئیمارات بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زۆرترین ئامادەبووی هەیە، زۆرترین ئەلبوومی گۆرانی لە ئیمارات دەفرۆشرێن، زۆرترین بینەری فیلمی سینەمایی لە ئیماراتە، ئەمەش بەهۆی تیکەڵبوونی کولتووری جیاوازەوە.
رووداو: پەیوەندی تۆ لەگەڵ هونەرمەندانی ئیماراتی و عەرەب چۆنە؟ بیرتان لەوە نەکردووەتەوە لەگەڵ هونەرمەندێكی عەرەب دوێتێک بکەن؟
بێریڤان: بەراستی ئێستا پەیوەندیەکی باش وبەهێزم لەگەڵ هونەرمەندانی عەرەب و ئیماراتی هەیە، چونکە لە ئیمارات هونەرمەندی عێراقی و سووری ولوبنانی زۆر هەیە، ماوەیەکە سەرقاڵی کارێکی هاوبەشم لەگەڵ هونەرمەندێکی بەناوبانگی عەرەبم بەڵام نامەوێت جارێ ناوی ئەم هونەرمەندە ئاشكرا بکەم، کە گۆرانییەکە بە زمانی کوردی و عەرەبییەو لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بەنیازین ئەم گۆرانییە بڵاوبکەینەوە، کە پێیوایە دەبێتە سوپرایزێكی جوان .