بە وێنە و ڤیدیۆ.. گەندەڵییەكانی mbc و ئەرەب ئایدڵ ئاشكرا دەبن



رووداو – alquds

بردنەوەی حازم شەریف، لە وەرزی سێییەمی بەرنامەی ئەرەب ئایدڵ، كە لە كەناڵی MBC پەخشدەكرێت، نەبووە هۆی كەمبوونەوەی گومانەكان لە ئەنجامەكانی بەرنامەكە، بەڵكو دەرگای گفتوگۆی گەرمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بەرنامەكە و بەڕێوەبەرایەتی كەناڵەکە زیاتركرد.

ئەو كەسانەی، كە لە بەرنامەكە چوونەتە دەرەوە، رەخنەی تووندی لێدەگرن و جگە لە عەمار كوڤی، كە لە رووداو لەسەر زاری كەسێكی نزیكییەوە ئاشكرای كرد، بەهۆی گۆرانیگوتن بۆ پێشمەرگە دەركرا، فارس ئەلمەدەنی-ش، كە گەیشتبووە قۆناخەكانی كۆتایی وەزی دووەمی بەرنامەكە لە ساڵی 2013، رەخنەیەكی تووند لە بەرنامەكە دەگرێت.

فارس ئەلمەدەنی برای ماجید ئەلمەدەنییە، كە ئەمساڵ گەیشتە قۆناغی كۆتایی بەرنامەی ئەرەب ئایدڵ، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنییدا پەردە لەسەر نهێنییەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەناڵەکە هەڵدەداتەوە و باس لەوە دەكات، كە ئەوەی لە سەر شاشە دەبینرێت تاكە دیوی جوانی بەرنامەكەیە.

ئەم بەشداربووەی ئەرەب ئایدڵ لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكە هەروەها باسی ئەوە دەكات، ئەو و هەموو بەشداربووانی دیكەی بەرنامەكە لە وەزرە جیاوازەكانیدا، ناچاركراون بۆندێك بۆ یەكێك لە كۆمپانیا پاشكۆكانی MBC واژۆبكەن، كە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە.

فارس باسی بۆندەكە دەكات و دەڵێت، " بەپێی بۆندەكە ئەگەر هەر كەسێك بییەوێت لە بەرنامەكە بچێتە دەرەوە، یان لە یەكێك لەو ئاهەنگانەی، كە كۆمپانیاكە رێكیدەخات ئامادە نەبێت، دەبێت بڕی 5 ملیۆن دۆلار سزا وەک قەرەبوو بدات"، هەر بەپێی لێدوانەكانی فارس، "كۆمپانیاكە رێژەی 60%ـی قازانجی ئەلبوومەكانی بەشداربووانی بەرنامەكە دەبات و هەر بەشداربوویەك دوای ئەوەی ئەلبوومەكەی بەرهەمهێنا، تەنیا نزیکەی 5 تاوەكو 10 هەزار درهەم (1300_2600 دۆلار)ـی پێدەدرێت، ئەمەش پارەیەكی زۆر كەمدەبێت بەبەراورد لەگەڵ كۆی گشتی قازانجەكە".

فارس بەردەوام دەبێت لە قسەكانی و دەڵێت، "دوای ئەوەی لە بەرنامەكە چوومە دەرەوە، چوومە لای عیسام كەمال، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە و داوای روونكردەوەم لێی كرد لەبەرئەوەی كۆمپانیاكە دەبێت پابەندبێت بە بەرهەمهێنانی ئەلبوومێك بۆم، بەڵام ئەو پێی گوتم، كۆمپانیا پارەی نییە، دەبێت خۆم بە پارەی خۆم ئەلبوومەكە بەرهەمبهێنم و MBC تەنیا كاری بازاڕكردنم بۆ دەكات و دواتر بە روونی پێی گوتم، "كۆمپانیا بۆندی هەر بەشداربوویەك دەهیڵێتەوە ئەگەر ئەو بەشداربووە قازانجی ماددی بۆ كۆمپانیاكە مسۆگەربكات".

گومانەكان لە دوای پێشكەشكردنی دیارییەكانی ئەمساڵ بەسەر بەشداربووی براوە زیاتربوون، چونكە لەكاتێكدا ساڵی پار بەرهەمهێنانی ئەلبووم و ڤیدیۆ كلیپێك و ئۆتۆمبێلێك پێشكەش بە محەممەد عەسافی براوەی یەكەمی وەرزی دووەمی بەرنامەكە كرا، ئەمساڵ، تەنیا سێ گۆرانی بۆ یەكەمی بەرنامەكە تۆماردەكرێت و 250 هەزار ریالی سعودی (66 هەزار دۆلار)ـیشی بەدیاری پێدەدرێت، بۆیە گومانی ئەوە هەیە بەرنامەكە ئەمساڵ نەیتوانیوە ئەو داهاتەی هەبێت، كە چاوەڕوانی لێدەكرا و بەڕێوەبەرایەتی كەناڵی mbc بەجۆرێك دڵنیان، كە براوەی بەرنامەكە ئەو قازانجەیان پێناگەیەنیت، كە چاوەڕوانییان لێ دەكرد.

ئەوەی زیاتر جێگای سەرسووڕمانە، بەڕێوەبەرایەتی كەناڵەكە بڕیاریدا لیژنەی داوەری، كە لە نانسی، ئەحلام، وائیل و حەسەن شافعی پێكدێت، بەشداری پێنەكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كۆتایی بەرنامە، لەبەرئەوەی نەیوستووە لێدوانی ئاگرین بدەن بەتایبەت لەسەر دەركردنی عەمار كوڤی، كە هەموویان تووشی سەرسووڕمان بوون لە كاتی دەركردنەكەیدا و هیچ كۆمێنتێكیان لەمبارەیەوە نەدا.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش وێنەیەك بڵاوكراوەتەوە، كە بەشێوەیەكی بەرفراوان شەیركراوە و دەگوترێت لە سێرڤەری بەرنامەكە دزەی پێكراوە.

لەو وێنەیەدا، كە راستەوخۆ دوای بردنەوەی حازم شەریف بڵاوكرایەوە، دەردەكەوێت، كە هەیسەم ئەلخەلایلی فەلەستینی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و دەبووایە ئەو براوەی بەرنامەكە بێت نەوەك حازم شەریف.