ئەکتەری سەرەکیی فیلمی ماڵی دالیا کە کۆنیشانی داونی هەیە: کەڵەشێری فیلمەکەیشم خۆشدەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ناز ئەکتەری سەرەکیی فیلمی ماڵی دالیایە، فیلمێک کە لە یەکەم رۆژی فیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی وەک فیلمی رێوڕەسمی کرانەوە نمایشکرا، ناز کۆنیشانی داونی هەیە. یەکەمجارە خۆی وەک ئەکتەر دەبینێت. باسی هەست و بۆچوونی خۆی بۆ رووداو کرد.
ناز محەممەد گوتی، "وەڵا هەستێکی خۆشم هەیە و هەمووی ئیحساس و گریانیشی تیایە. ئەمجار کەڵەشێرەکەیشم زۆر خۆشدەوێت لەو فیلمەدا."
لە دەرهێنەری فیلمی ماڵی دالیام پرسی، کارکردن لەگەڵ کەسێک کە کۆنیشانی داونی هەیە تایبەتمەندییەکانی چین. بە تایبەت ئەوەی کە یەکەم فیلمی سینەمایی کوردییە کە 80 خولەک کەسێکی داون رۆڵی ئەکتەری سەرەکی بگێڕێت.
دانا کەریم کە دەرهێنەری فیلمەکەیە بە رووداوی گوت، "زۆر سەختە کارکردن لەگەڵ کەسێکی داون و بەتایبەت ئەوەی کە هیچ کاری سینەمای نەکردبێت، بەڵام زۆر کارمان کرد و هەوڵماندا کە راهێنان بکەین."
143 فیلمی سینەمایی، کورتە فیلم و ئەنیمەیشن لە پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نمایش دەکرێن. لە یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنم پرسی کە بۆچوونیان لەسەر ئاستی فیلمەکان چییە.
ئیبراهیم سەعیدی، ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنە و دەڵێت، زۆر لە فیلمەکان لە ئاستێکی باشدان، بەڵام ئەگەر بڵێین کە لە ئاستی بەرزی جیهانیدان هێشتا زۆریان ماوە فیلمە کوردییەکان و جۆرێک کزییان پێوە دیارە.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پێنجەمین خول، سپۆنسەری میدیایی فیستیڤاڵەکەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 بۆ 2021 دواخرا. لە 143 فیلمە بەشدار بووەکە، 116 یان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان. لە 35 وڵاتی جیهانەوە ئەکتەر، دەرهێنەر و رەخنەگرانی سینەمای بەشدارن.