کۆمپانیای ئەدۆب وێنەی هونەرمەندێکی کورد دەکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەیوان شەعبان، هونەرمەندی گەنجی کورد، لە دوای دانانی وێنەیەکی لە تایم سکوێری ئەمریکا، ناوبانگیی جیهانی پەیداکردووە و ئەمجارە کۆمپانیای ئەدۆب وێنەیەکی کڕیوەتەوە و لە دەستپێکی پرۆگرامی 'ئەدۆب پریمیێر پرۆ' بەرکاری هێناوە.
کەیوان شەعبان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لەگەڵ ئەدۆب بۆ دروستکردنی کاری هونەری تایبەت بۆ نوێترین سپلاشی ئەدۆب پریمیێر پرۆ، ئەزموونێکی باوەڕپێنەکراو بوو". گوتیشی: "کارکردن لەگەڵ ئەدۆب خەونێک بوو هاتە دی".
روونیشیکردەوە، شانازی بەوە دەکات بۆ دروستکردنی کارێکی هونەری هەڵبژێردراوە کە ملیۆنان کەسی پیشەیی لە سەرانسەری جیهاندا دەیبینن.
ئەو دیزاینەرە کوردە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو بەردەوام سۆفتوێری ئەدۆبی بەکارهێناوە و بەردەوام وێنەی خەڵکی لەسەر پرۆگرامەکانی بینیوە، بیری لەوە کردووەتەوە رۆژێک بێت و وێنەیەکی ئەویشی تێدا بکاربێت.
لەبارەی دروستبوونی ئەو پەیوەندییە، کەیوان شەعبان گوتی، لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندیان پێیەوە کردووە و گوتوویانە، چەند کارێکی ئەویان بینیوە و حەز دەکەن کارێکی بۆ سپلاشی 'ئەدۆب پریمیێر پرۆ' بەکاربێنن.
کەیوان شەعبان، لە 1999 لە ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە هونەری فۆتۆگرافی کردووە و کارە هونەرییەکەی بووەتە سەرچاوەی داهات بۆی، ئێستا لە پۆڵەند دەژی و بەم دواییە یەکێک لە کارەکانی، لە شەقامی تایم سکوێری نیویۆركی ئەمریکا بە قەبارەیەکی گەورە خرایەڕوو کە بە یەکێک لە گرنگرتین شەقامەکانی ئەو شارە دەناسرێت.
وێنەکە بە شێوازی سێ رەهەندی دیزاینکرابوو و لەگەڵ کۆمپانیای 'ئارت ئینۆڤەیشن گالەری' کار بۆ پێشاندانی لە نیویۆرک کراوە.
وێنەکەی لە ماڵپەڕی 'سوپەر رەیر' بڵاوکراوەتەوە کە تەکنەلوژیایەکی نوێیە وەک 'ئێن ئێف تی' دەناسرێ و دەرفەتی بۆ هونەرمەندان رەخساندووە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانیان و گەیاندن و ناساندنیان بە جیهان.
لەلایکی دیکەوە کەیوان شەعبان، یەکەم ئەزموونی لە بواری فیلمسازیدا تاقی دەکاتەوە و کاری دەرهێنان بۆ بەڵگەفیلمێکی کورت دەکات.
فیلمەکە لەبارەی هۆشیار بیاوێڵەییە کە بەشێوەیەکی خۆبەخش ژمارەیەکی زۆر مینی پووچەڵکردووەتەوە و چەندین کەسی رزگاکردووە و بەهۆیەوە هەردوو قاچی لەدەستداوە.
وێنەگرتنی فیلمەکە کۆتایی هاتووە و لە هەڵەبجە وێنەگیراوە و لەلایەن زانکۆی وارشۆ لە پۆڵەند و سۆران عوسمان خاوەنی کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ لە باشووری کوردستان بەرهەمدێت.