گۆرانیی دوێتی کچ و باوکێکی میسری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ڤیدیۆی کچ و باوکێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، ئەویش کچێکی میسرییە بەناوی حەنین شاتر کە بەشێوەی دوێت گۆرانی هونەرمەندانی دیکە لەگەڵ باوکیدا دەڵێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکاتەوە، لەوانە گۆرانییەکی عەبدولحەلیم حافیز.
 
حەنین شاتر گۆرانیبێژێکی دەنگخۆشە و باس لە چیرۆکی دەستپێکی لەگەڵ گۆرانیگوتن دەکاتەوە و دەڵێت، باوکی کاتێک گۆرانی دەگوت، ئەویش بە دوایدا دەگوتەوە و حەزی بۆ ئەو هونەرە دروستبوو.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کاتێک گەورە بوو، ئۆپێرای خوێندەووە و خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشوازییان لە ڤیدیۆکانی ئەو و باوکی کردووە و هیواخوازە لە داهاتوودا ببێت بە گۆرانیبێژێکی گەورە.
 
تایبەتمەندییەکی حەنین شاتر ئەوەیە کە لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کۆمێنت داوای گۆرانی لێبکرێت، گۆرانییە دواکراوەکە بە ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە.
 
حەنین شاتر، بەهۆی باوکییەوە زیاتر بە هونەرمەندانی سەردەمی زێڕینی هونەری میسری کاریگەرە، لەوانە ئوم کەلسوم، فەرید ئەتڕەش، عەبدولحەیم حافیز، محەممەد عەبدولوەهاب.
 
جگە لە باوکی، چەند دایکی حەنین لە ڤیدیۆکانیدا دەرکەوتووە و گۆرانی لەسەر خۆشەویستی بۆ دایک دەڵێت.