دەلیل دیلانار: من لە باشوور كلیپ دەكەم و هونەرمەندانی باشوور لە ئیستەنبووڵ


هەڤپەیڤین: زەكی ئۆزمەن
هونەرمەند دەلیل دیلانار، خاوەنی ستایلێكی تایبەت بە خۆیەتی، ئەو هونەرمەندە پتر ئیش لەسەر گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان دەكات و بە ستایلێكی نوێ دەیانڵێتەوە. ئەو زوو زوو سەردانی باشووری كوردستان دەكات، چونكە وەك خۆی دەڵێت تەنیا دەتوانێ سەردانی ئەو پارچەیەی كوردستان بكات.
دەلیل دیلانار لە شاری موشی باكووری كوردستان لە دایكبووە و ئێستا لە شاری كوێلنی ئەڵمانیا دەژی، خاوەنی چەند بەرهەمێكی هونەرییە لەوانە "ژ بۆ بیرئانینا دەنگبێژ حوسێنۆ، نێچیرڤانۆ و سەریایا، ئێستا دوو بەرهەمی بەدەستەوەیە یەكێكیان بە ناوی "ژ بۆ بیرئانینا شەرۆی برۆ"، ئەوی دیكەشیان سێدییەكی تایبەتە.
 ئەو شتانەی كە خەڵك پێش پەنجا ساڵ تاقیكردووەتەوە باشوور ئێستا دەیانناسێ

دیلانار خەڵكی باكووری كوردستانە، بەڵام دەڵێت "باكوور هێشتا بۆ من قەدەخەیە". هەر بۆیەش زوو زوو سەردانی باشووری كوردستان دەكات، سەبارەت بە ئامانجی ئەو سەردانانەش دەڵێت "ئەگەر 4-5 جار بۆ بەرنامەی تایبەت بچم، 4 جاریش بۆ سەردان دەچم".
دەلیل دیلانار بۆچوونی خۆی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و دەڵێت "كوردستان هێشتا سەربەخۆ نەبووە، تاوەكو رەخنەی لێبگرین، بەڵام كوردستان وردە وردە بەرەو باشی دەڕوات. گەلەكەمان هێشتا فێری كاروباری دەوڵەت و سیستەم نەبووە. بەڵام لەلایەنی نەتەوەیی زۆر پێشكەوتووە".

دیلانار، كە لە یەكێك لە سەردانەكانیدا چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەوتووە دەڵێت "جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی سیاسەتێكی باش بەڕێوە دەبات. ئەوەی گرنگە ئەوە بوو كە گوتی ئێمەی كورد چیدی بەرامبەر یەكدی شەڕ ناكەین".
  بۆ ئێمە دوبەی پێویست نییە

دەلیل دیلانار سەرسامە بە بزاوت و گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵام دەڵێت "پێشكەوتنی هەرە گەورە دەبێت لە رووی فیكر، رۆشنبیری و هونەرییەوە بێ. بە ئابووری میللەتێك دەتوانێت بڕواتە شوێنێك، بەڵام ئەگەر رۆشنبیری و بناخەی نەبێت، شكستدێنێ". هەروەها دەڵێت "ئێمە ئەگەر بڵێین كوردستان دەبێتە دوبەی، دوبەی بۆ ئێمە پێویست نییە. بۆ ئێمە فیكر، رۆشنبیری و هونەر پێویستە".

لە پاڵ ئەو كەناڵە سیاسی و هەواڵیانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، بەو دواییانە چەندین كەناڵی تایبەت بە هونەر و میوزیكیش كراونەتەوە. دەلیل دیلانار تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئەو میوزیكەی لە كوردستان پێشكەش دەكرێ باس دەكات و دەڵێت "باشوور ئێستا بە ئازادی گەیشتووە و زۆر شت تاقیدەكاتەوە. ئەو شتانەی كە خەڵك پێش پەنجا ساڵ تاقییانكردووەتەوە، باشوور ئێستا دەیانناسێت".

دەلیل دیلانار هەروەها دەڵێت "پەروەدە لە هەموو روویەكەوە پێویستە. نەك سانسۆر، بەڵام وەكو هەموو دونیا دەبێت حكومەت سیاسەتی هەبێت لەسەر ئەو كلیپانەی كە بڵاودەكرێنەوە".
 دەبێ حكومەت سیاسەتی هەبێت بۆ ئەو كلیپانەی بڵاودەكرێنەوە

زۆر لە هونەرمەندانی باشووری كوردستان، رەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن، بەوەی گوایە پتر رێزی ئەو هونەرمەندانە دەگرێ كە لە ئەوروپا نیشتەجێن و سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
دەلیل دیلانار لەوبارەیەوە دەڵێت "لە هەموو دونیا وایە. هونەرمەندێك لە باشوور بێتە باكوور یان ئەوروپا، هەمان شتە. ئێمە لە ئەوروپا دەژین و كاتێك هونەرمەندێك لە توركیاوە بێت، هەمان شتە. ئەوە شتێكی ئاساییە".

بەڵام داوا لە هونەرمەندانی باشووری كوردستان دەكات كە كراوەتر بن "لە گۆرانییەكانیان بیر لە باكوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستانیش بكەنەوە، بەداخەوە هونەرمەندانی باشووری كوردستان سیاسین".

دەلیل تێبینی لەسەر كار و هەڵسوكەوتی هونەرمەندانی باشووری كوردستان هەیە و لەگەڵ خۆی بەراوردیان دەكات و دەڵێت "سەیركە، ئێمە لە ئەوروپا دەژین، بەڵام لە بەرنامەكانماندا جلی كوردی دەپۆشین. كە بچی بۆ باشوور، هەزار جۆر جێڵ لە قژیان دەدەن. دەبێت فكر پێش بكەوێت. من دەچمە باشوور كلیپەكەم دروستدەكەم. بەڵام هونەرمەندی خۆمان لە باشوور دەچێتە ئیستەنبۆڵ و دەریا پێشان دەدات. لە جیاتی ئەوەی بچنە ئەمریكا و سواری ئۆتۆمبێلێك بن، باشترە لە وڵاتی خۆیان سواری ئەسپێك ببن و وڵاتی خۆیان بناسێنن".