وێنەی نوێی عادل ئیمام لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا؛ چەند جارێکێک دەنگۆی کۆچی دوایی و خراپی باری تەندروستیی عادل ئیمام، ئەکتەری میسری بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ئەو ئەکتەرە کۆمێدییە چەند وێنەیەکی بڵاوکرانەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 17ـی ئایاری 2023 تەمەنی عادل ئیمام بوو بە 83 ساڵ و بەم بۆنەیەوە عادل سلێمان، بەڕێوەبەری کارەکانی ئیمام، چەند وێنەیەکی ئەو ئەکتەرەی بڵاوکردەوە.
 
عادل ئیمام، لە ماڵەکەی خۆیدا ئاهەنگی رۆژی لە دایکبوونی کردەوە و ژمارەیەکی کەم لە هونەرمەندان و هاوڕێکانی بانگهێشتکرابوون و بەڕێوەبەری کارەکانی دەڵێت، وێنەکان نوێن و لە هەمان رۆژدا وێنەگیراون.
 
عادل ئیمام، ناوبانگییەکی زۆری لە جیهانی عەرەبیدا هەیە و ماوەی سێ ساڵە بەهۆی بەتەمەندا چوونی لە هیچ بەرهەمێکی هونەریدا دەرنەکەوتووە.
 
وێنەکانی عادل ئیمام لەگەڵ عیسام ئیمامی براکەی، عادل سلێمان، بەڕێوەبەری کارەکانی و هونەرمەند خالید سەرحان گیراون کە لە چەندین بەرهەمی ئیمامدا بەشداربووە.
 

هەروەها مستەفا هریدی، ئەکتەری میسری لە ئاهەنگی لە دایکبوونی عادل ئیمام ئامادەبوو و پێشتر لە فیلمی 'مورگان ئەحمەد مورگان' پێکەوە رۆڵیانگێڕاوە.
 
زنجیرەی 'ڤالانتینۆ' دوایین بەرهەمی عادل ئیمامە کە بەر لە سێ ساڵ لە مانگی رمەزاندا بڵاوکرایەوە، لەو کاتەوە باس لەوە دەکرێت کە ئیمام توانای کاری هونەری نەماوە، بەڵام براکەی عیسام ئیمام، چەند جارێک ئەوەی رەتکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە لە ماوەی داهاتوودا ئیمام لەگەڵ کوڕەکەی محەممەد ئیمام لە بەرهەمێکی نوێدا دەردەکەوێتەوە.
 

عادل ئیمام، بەهۆی رۆڵە کۆمێدییەکانی لە بەرهەمە سینەمایی، شانۆیی و تەلەڤزیۆنییەکاندا ناوبانگییەکی زۆری پەیداکردووە، جگە لە بەرهەمی کۆمێدی، لە چەندین بەرهەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و رەخنەئامێزدا کاری کردووە.