زمانی کوردی لەژێر بەزەیی ژیریی دەستکرد دا؛ 'لە زانکۆ و ئەکادێمییەکان هەوڵی پاراستنی بدرێت'

 
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، هۆشداریی دەدرێت ئەو ژیرییە نوێیەی جیهانی داپۆشیوە کاریگەریی خراپ و مەترسیی لەسەر ئایندەی زمانی کوردی و پرۆسەی خوێندن و توانا و ئاستی زانستیی خوێندکاران دروستبکات.
 
جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا و یەکێک لە لێکۆڵینڤانە دیارەکانی بواری زمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی دۆخی زمانی کوردی بەگشتی و کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر زمانی کوردی کرد و گوتی: "زمانی کوردی لە باشووری کوردستان پارێزراوترە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەوپێیەی لە باشووری کوردستان زمانی فەرمییە و بە فەرمی ناساندنیشی لە دەستووری عێراق بۆ زمانی کوردی قۆناخێکی زۆر گرنگ بوو".
 
شێخولئیسلامی پێیوایە کولتوور لە زماندا دژی و دەڵێت: "هەرکات زمانێک لەنێوبچێت، کولتووریش لەگەڵیدا لەنێودەچێت، چونکە کولتووری هەر نەتەوەیەک وابەستەی زمانەکەیەتی و بە هەر هۆکارێک زمانێک لاوازببێت یان لەنێوبچێت راستەوخۆ کولتووری ئەو نەتەوەیەش لەنێودەچێت."
 
باسی لەوەش کرد، "گووگڵ و ژیریی دەستکرد زۆرباش دەستیان بە دەقە کوردییەکان دەگات، بەهێزکردنی زمانی کوردی لە جیهانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد ئێستا پێویستییەکی حەتمییە، بەوپێیەی راستە ژیریی دەستکرد تاوەکو رادەیەک نوێیە، بەڵام زمانی کوردی بەراورد بە زمانەکانی دیکەی دەوروبەری کوردستان وەکو فارسی و عەرەبی و تورکی لەو سیستمە جیهانییەدا لاوازە و هۆکاری لاوازییەکەش تاوەکو ئێستا کەمیی ئەو داتا و زانیارییانەیە کە بە زمانی کوردی بڵاودەکرێنەوە، لەکاتێکدا بە سروشتی خۆی ژیریی دەستکرد پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت کە بڵاوکراونەتەوە" 
 
پرۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: "هەموو قۆناخێک کاریگەریی خۆی لەسەر زمان دەبێت لە ناوچە جیاوازەکان جا کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی، قۆناخی ئێستا کە قۆناخی زانیاریی و تەکنەلۆژیایە بە هەمانشێوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو زمانەکانی جیهان دەبێت و هەر نەتەوەیەک بتوانێت زمانی خۆی لە سیستمی تەکنەلۆژیا پەرەپێبدات ئەوا زمانەکەی بەهێز دەبێت و بەپێچەوانەشەوە هەر نەتەوەیەک کار بۆ بەهێزکردنی زمانەکەی خۆی نەکات ئەوا زیان بەر زمانەکەی دەکەوێت لەپاڵ پێشکەوتنە خێراکانی جیهانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد".
 
"ئەرکی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانە، هەرچی زیاترە بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی پەرەپێبدەن تاوەکو زمانی کوردی لە کاروانی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی دنیای دیجیتاڵی دانەبڕێت، تەنانەت پێویستە ئەو دەق و دەستنووس و بەڵگانەش کە لە دێر زەمانەوە لەسەر زمانی کوردی کۆکراونەتەوە بەشێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بە دنیای ئینتەرنێت و گۆگڵ و ژیریی دەستکرد ئاشنابکرێن". ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا کە بۆ بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی پەروەردە، تواناسای و کارسازی  سەردانی هەولێری کردبوو و لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ میوان بوو.
 
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن کە زمانی کوردی لە ریزبەندی 59ـیەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن، دەکاتە 0.31%ـی دانیشتووانی جیهان.