شێوەکارێکی باکووری کوردستان بە چەند تابلۆیەک سوپاسی باشووری کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فاتیح باقر، وێنەکێشێکی کوردە و خەڵکی خارپێتی باکووری کوردستانە، سەردانی هەولێری کردووە و چەند تابلۆیەکی خۆی پێشکێشكی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مۆزەخانەی هەولێری کردووە و سوپاسی خەڵکی باشووری کوردستان دەکات بەرامبەر بەو هاوکارییەی پێشکێش بە قوربانییانی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا کردووە.
فاتیح باقر، بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو هاوکارییەی پێشکێشی گەلی تورکیاتان کرد، لە بوومەلەرزەکانی هەر 11 پارێزگاکەی وڵاتەکەم، دەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆمتان پێشکێش بکەم. لە تورکیا، هونەرمەندم و بەگوێرەی تواناکانی خۆم لە رێگەی هەڵکەندنی دارەوە، پەیکەر دەتاشم و ستایلی تایبەت بە خۆمم هەیە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بەهۆی ئەو هاوکارییە مرۆییە پڕ بەهایەی پێشکێشی ئێمەتان کردووە، منیش ویستم کارێک بکەم بەپێدانی ئەم دیارییانە سوپاسگوزاری خۆمتان ئاراستە بکەم. هەروەها دەمەوێ سوپاسی زۆرم ئاراستەی بەڕێز موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێزداران مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکەم بەهۆی ئەو یارمەتی و هاوکارییانەی لە خراپترین دۆخدا پێشکێشی تورکیایان کرد و رێزی بێ پایانم بۆیان هەیە".
روونیشیکردەوە: "تابلۆ و پەیکەرەکانمان تەواویان کاری دەستین و شێوازی کاری دەستی ئیتاڵیم بەکارهێناوە و ستایلی خۆیشم تێکەڵکردووە. دەمەوێ بەشێکیان بگەیێنمە بارزان و بەشێکیشیان پێشکێشی سەرکردە باڵاکان بکەم".
فاتیح باقر، وێنە لەسەر دار دەکێشێت و لە ئەو تابلۆیانەی پێشکێشی کردوون، وێنەی مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەن کە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش کیشاویەتی و وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانیی پێشکێش بە دەزگای خێرخوازی بارزانی کردووە کە رۆڵێکی کاریگەریان لە هاوکاریکردنی قوربانییانی بوومەلەرزەکەیە ئەم دواییەی باکووری کوردستان و تورکیا هەبووە.