خەونی 35 ساڵەی تۆم کروز بەدی دێت و ئۆسکاری پێشکێش دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

دوای تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر بەربژێرکردنی تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی بۆ یەکەم خەڵاتی ئۆسکار، رێکخەرانی خەڵاتەکە بڕیایانداوە لە خولی داهاتوودا ئۆسکاری شانازیی پێ ببەخشن.
 
رۆژی سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو رایگەیاند، لە خولی داهاتووی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە 2026، خەڵاتی ئۆسکاری شانازی دەبەخشێتە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، دیبی ئاڵن، دیزاینەری سەماکان و وین تۆماس، دیزاینەری بەرهەمهێنانی فیلمی "Do The Right Thing".
 
هەروەها خەڵاتی ژان هێرشۆڵت دەبەخشرێتە دۆڵی پارتن، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، بۆ کارە خێرخوازییەکانی لە بواری پەروەردە و خوێندندا.
 
زۆربەی ئەوانەی خەڵاتی ئۆسکاری شانازییان پێدەبەخشرێت، پێشتر براوەی خەڵاتەکە نەبوونە، کروز (62 ساڵ) چوار جار لە رێگەی نواندنەکانی بەربژێری خەڵاتەکە بووە، بەڵام هیچ کات بەدەستی نەهێناوە. 
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە دووجار بەربژێری ئۆسکاری باشترین ئەکتەری سەرەکی بووە لە رێگەی هەردوو فیلمی "Born on the Fourth of July" و "Jerry Maguire"، جارێکیش وەک ئەکتەری پاڵپشت لە رێگەی فیلمی "Magnolia"، دوایین جاریش بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی بوو لە رێگەی فیلمی " Top Gun: Maverick" بەربژێرکرابوو. 
 
بەخشینی ئۆسکاری شانازی، رێزگرتنە لە تەواوی کار و بەرهەمی هونەریی هونەرمەندان لە هونەری حەوتەمەدا، بەتایبەت بەوانەی ناوێکی بەرچاون لە سینەمادا، بەڵام نەیانتوانیوە ئۆسکار وەربگرن کە بە گرنگترین خەڵات لە سینەمادا دەناسرێت.
 
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.
 
"Mission: Impossible - The Final Reckoning" نوێترین فیلمی کروزە و رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە و هەشتەمین بەشی زنجیرە فیلمی "Mission: Impossible"یە کە لە 21ـی ئایاری 2025 بڵاوکرایەوە، کۆی داهاتی تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 459 ملیۆن و 470 هەزار دۆلار.
 
تۆم کروز بەوە ناسراوە سەرکێشی زۆر ترسناک لە فیلمەکانیدا ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لەم بەرهەمەیدا.
 
ئەو ئەکتەرە جیهانییە، بە بەشی هەشتەمی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible"، لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدار بوو و لە 14ـی ئایاری 2025 لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی پێشاندرا.
 
کروز، لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووە، ئەمجارە بووە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا.
 
 "Mission Impossible"زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.
 
"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی بڵاوکراوەتەوە.