تارا رەسوڵ گۆرانییەکی محەممەد عارف جزیری دەڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

'بوهارێ' یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد عارف جزیرییە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندان گوتراوەتەوە و تارا رەسوڵ ئەم بەرهەمەی بە دەنگی خۆی گوتووەتەوە.
 
هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئەم بەرهەمەی محەممەد عارف جزیری بەر لە 30 ساڵ بە میوزیکێکی نوێ و بە دەنگی هونەرمەند تارا رەسوڵ کەڤەکرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئەرشیفدا نەمابوو، دووبارە بە میوزیکێکی نوێ تۆمارکرایەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاری دابەشکردنی ئەم بەرهەمە لەلایەن خۆی و بەهاوکاری دیار میرزا کراوە و یەکەم کاری هاوبەشی بووە لەگەڵ هونەرمەند تارا رەسوڵ لە نەوەدەکاندا.
 
ئەم بەرهەمە نوێیە لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
تارا رەسوڵ، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە سەرەتای نەوەدەکاندا تۆمارکرابوو و ئەمساڵ جارێکی دیکە تۆمارکرایەوە و چەند کارێکی دیکەی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر هەیە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر کار لەسەر کەڤەرکردنی چەند بەرهەمێکی کلاسیکی عەرەبی دەکەن کە لە جیهانی عەرەبیدا دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە.
 
هەڵکەوت زاهیر وەک ئاوازدانەر و بەرهەمهێنەر کاری بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان کردووە و هۆکاری دۆزینەوەی چەند دەنگێکی نوێ بووە.