لە هەولێر هەفتەی فیلمی فەرەنسی-ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت و فیلمێکی کوردیش پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر هەفتەی فیلمی فەرەنسی - ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت و بەڵگەفیلمی (منداڵیی عیماد) لە دەرهێنانی زەهاوی سنجاوی کە رووداو لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە، وەک تاکە فیلمی کوردی لەو چالاکییەدا پێشاندەدرێت.
زەهاوی سنجاوی، فیلمساز و بەرپرسی ناوەندی سینەمای هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، فیلمی فەرەنسی - ئەڵمانی لەلایەن ئەنستیتیوتی فەرەنسی و پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ سازدەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەفتە نمایشەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکو 25ـی مانگ بەردەوام دەبێت، تێیدا هەشت فیلمی ئەڵمانی و فەرەنسی و فیلمێکی کوردی پێشاندەدرێن کە بە تایبەتی بۆ پێشیاندانی پانتای دەوڵەمەندی کولتووری و هونەری هەڵبژێردراون.
روونیشیکردەوە، رۆژانە کاژێر 7:00ـی ئێوارە فیلم لە سینەما هەولێر پێشاندەدرێن و بینەران دەتوانن بە خۆڕایی فیلم ببینن، بەڵام دەبێت پێشتر بۆ هەریەک لە فیلمەکان ناویان تۆمار بکەن.