دانی دارین بۆ رووداو : فیلمەكەم كێبڕكێی فیلمە بەهێزەكانی هۆڵیوود دەكات

رووداو-هەولێر

دانی دارین، دەرهێنەری كورد كە ماوەی 11 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت، فیلمێكی درێژی سینەمایی بەناوی  16/3 بەرهەمهێناوە، بەڵام دەڵێت لە كوردستان سووكایەتی بە فیلمەكەی كراوە لەكاتێكدا لە ئەوروپا و ئەمریكا 30 خەڵاتی وەرگرتووە. 


ئێستا ئەم فیلمە لەگەڵ فیلمە بە‌هێزەكانی هۆڵیوود و ئەوروپا بەربژێرە بۆ خەڵاتی نیشتمانیی بەریتانیا، لەم هەڤپەیڤینەدا دانی دارین باس لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە دەكات.

رووداو: چی وایكردووە ئەم فیلمە بۆ ئەم خەڵاتانە بەربژێر بكرێت؟

دانی دارین: فیلمەكە لەبارەی ئەو تاوانەیە كە دەرهەق بە هەڵەبجە كرا. ئەم فیلمە كاریگەرییەكی زۆری كردووەتە سەر ئەو كەسانەی كە بینیویانە، هەر لەبەر ئەوەش بۆ چەندین فێستیڤاڵی جیهانی داوا كراوە.

رووداو: ئەم فیلمە تا ئێستا چەند خەڵاتی وەرگرتووە؟

دانی دارین: تا ئێستا 30 خەڵاتی وەرگرتووە و 32 جاریش بەربژێر كراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی. لەبەرنامەشدایە لە چەند فێستیڤاڵی دیكەی ئەمریكا و ئەوروپا بەشداری بكات كە من پێشبینی دەكەم ژمارەیەكی پێوانەیی لە وەرگرتنی خەڵات تۆمار بكات.



رووداو: ئەم فیلمە بۆ خەڵاتی نیشتمانی بەریتانیاش بەربژێر كراوە؟

دانی دارین: ئەم فیلمە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نیشتمانیی بەریتانیا كە بە "The National Film Awards UK" ناسراوە، بۆ چوار خەڵات بەربژێر كراوە. فیلمەكە كێبڕكێی فیلمە بە‌هێزەكانی هۆڵیوود دەكات كە بودجەی فیلمەكەیان 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام فیلمەكەی من، بەشێكی زۆری بە خۆبەش و بە بودجەیەكی كەم بەرهەمهاتووە، بەڵام بۆ خەڵاتی باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی پۆلیسی، باشترین فیلمی درێژ، باشترین فیلمی سەربەخۆ بەربژێركراوە.

رووداو: پێشبینی دەكەی یەكێك لە خەڵاتەكان بەدەست بهێنی؟

دانی دارین: هیوادارم بتوانم ناوی هەڵەبجەی شەهید ببەمە سەر ستەیجی ئەم فێستیڤاڵە مەزنە. دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەم خەڵاتە لە رێگەی خەڵك و لیژنەی دادوەرانەوە بەشێوەی دەنگدان دیاری دەكرێ، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكەم دەنگ بە فیلمەكەم بدەن بۆ ئەوەی وەكو دەرهێنەرێكی كورد ئەم خەڵاتە وەربگرم، ئەمەش بۆ یەكەمجارە فیلمێكی كوردی بگاتە ئەو قۆناغە.



رووداو: ئامانج لە دروستكردنی ئەم فیلمە چی بوو؟

دانی دارین: چەند ئامانجێكم لە دروستكردنی ئەم فیلمە هەبوو، یەكەم دەمەوێت چیرۆكی تراژیدیای هەڵەبجە بخەمە سەر شاشەی سینەماكانی جیهان و لە فێستیڤاڵە جیهانییەكان نیشانی بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجی هونەرمەندان و سینەماكاران و ئەستێرەكانی جیهان بۆ دۆزی رەوای گەلی كورد رابكێشم. دووەمیش هەوڵی نیشاندانی جوانیی كوردستان و شوێنە گەشتیارییەكانم لە چاوی كامێراوە داوە، ئەمەش بە پێچەوانەی فیلمە كوردییەكانی دیكە.

رووداو: بودجەی ئەم فیلمە كێ دابینی كردووە؟

دانی دارین: بودجەی ئەم فیلمە نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار بوو، 25%ی كۆمپانیایەكی بەریتانی دابینی كردووە و ئەوەی دیكە خۆم و چەند هاوڕێیەكی دڵسۆزم لەسەر ئەركی خۆمان دابینمان كردووە. حەزمان كرد وەكو دڵسۆزییەك بۆ ئەم شارە ئەم فیلمە درێژە بەرهەم بهێنین، بەداخەوە لە كوردستان كەس هاوكاری مادی نەكردین، هەمووی لەسەر ئەركی خۆمان بووە، لە چەند جێگایەك باس لەوە كراوە كە من پارەم لە حكومەت وەرگرتووە، بەڵام داوا دەكەم هەرچی بەڵگەیەك لەسەر پارە وەرگرتنی من هەیە بیخەنەڕوو، من ئامادەی هەموو سزایەكم.



رووداو: فیلمەكە لە هەولێر و سلێمانی نمایشكرا، پێشوازی خەڵك چۆن بوو؟

دانی دارین: زۆر بەداخەوە لە هەموو جیهان رێز لە فیلمەكەی من دەگرن و خەڵاتمان پێشكەش دەكەن، یەكەم نمایشی ئەم فیلمەم لە كوردستان كرد، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی هیچ رێزێكی لێ نەگیرا، بگرە بە چاوێكی زۆر سووك سەیری كرا، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە و هەرچی لە تواناماندا بێت لە پێناویدا دەیكەین.



 رووداو: بۆ دروستكردنی ئەم فیلمە لە كوردستان كێ هاوكاری كردووی؟

دانی دارین: جگە لە سەرپەرشتیارانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، هیچ لایەنێك وەكو شارەوانی هەڵەبجە و ئاسایشی هەڵەبجە هاوكارییان نەكردووم، بگرە رێگریشیان لێكردووین. خەڵكی هەڵەبجە زیاتر لە حكومەت هاوكار و پاڵپشتم بوون، سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی دەكەم كە هاوكارم بوون، هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرێتی فڕۆكەخانەی هەولێر دەكەم كە زۆر هاوكارییان كردووم.



رووداو: ئەكتەرانی ئەم فیلمە كوردن، یان ئەكتەری بیانیش رۆڵی تێدا دەبینن؟

دانی دارین: جۆری فیلمەكە ئەكشن و درامی و پۆلیسییە، ماوەكەی دوو كاژێرە، لە كوردستان و بەریتانیا كاری وێنەگرتن و تەكنیكی بۆ كراوە. ئەكتەرەكانی 80%ی بەریتانین و 20%ی كوردی باشووری كوردستانن.

دانی دارین كێیە؟

هەڵمەت سەڵاح ناسراو بە دانی دارین. دەرهێنەر و ئەكتەری سەرەكی فیلمی 16/3 یە و لەدایكبووی ساڵی 1980ی گوندی كەلەكانی سەر بە شارۆچكەی قەڵادزێیە، لەساڵی 2002 وە لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە، كاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی سینەمایی كردووە، هاوكات وەكو ئەكتەر بەشداری لە چەند فیلمێكی  بیانیدا كردووە.