خەلیل مەولانایی دەچێتە سەر دینی گۆرانیبێژە گەنجەكانی فارس

رووداو- سلێمانی

هونەرمەندی گۆرانیبێژ خەلیل مەولانایی لە ساڵی 2000 ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاوكردەوە كە نێوبانگی ئەو هونەرمەندەی بە رۆژهەڵات و باشووری كوردستاندا بڵاوكردەوە، بەڵام زیاتر لە پێنج ساڵە نە دەنگی هەیە و نە رەنگ. خەلیل مەولانایی كە پێشتر بە ستایلی سوننەتی گۆرانی دەگوت، دەڵێت لەمەودوا ستایلی گۆرانیگوتنی هاوشێوەی گەنجە گۆرانیبێژەكانی فارس دەبێت و بە ستایلی پۆپ گۆرانی دەڵێت. مەولانایی لەم هەڤپەیڤینەدا كە بە تەلەفۆن لەگەڵی كراوە، باسی كارە نوێیەكانی خۆی دەكات. 

رووداو: بۆچی چەند ساڵێكە بەرهەمی نوێت نییە؟

خەلیل مەولانایی: دوایین بەرهەمم لە كۆتایی ساڵی 2010دا بووە، هۆیەكەی ئەوەیە لە رۆژهەڵات دەستكەوتنی شاعیرێك كە شیعری گۆرانی بنووسێ‌ سەختە. جگە لەوەش لە رووی میوزیكیشەوە، میوزیكژەنی باش زیاتر لە باشووری كوردستانن.

بەهۆی ئەو بارودۆخەشی بەسەر باشووری كوردستاندا هات، زیاتر لە هونەر دووركەوتمەوە. راستییەكەی بەشێكیشی پەیوەندی بە كەمتەرخەمیی خۆمەوە هەیە. بەڵام ئێستا سەرقاڵی گۆرانییەكم كە خەریكە دەنگەكەی تەواو دەبێت و پێمخۆشە كلیپیشی بۆ بكەم، هۆنراوەكەم لە كەسێكەوە پێگەیشتووە، بەڵام تائێستا نازانم خاوەنەكەی كێیە.

رووداو: ئەو گۆرانییە لەسەر چ ستایلێكە؟

خەلیل مەولانایی: گۆرانییەكە لە موزیكدا خێرایە و لە گوتنیدا خاوە، چونكە دەمەوێت لەمەودوا ستایلی گۆرانی گوتنم لە سوننەتییەوە بۆ پۆپ بگۆڕم، لەبەرئەوەی لێرە فارسەكان لە بواری موزیكی پۆپدا كار دەكەن و منیش حەز دەكەم وردە وردە بیگۆڕم و وا پڕۆڤەی لەسەر دەكەم بزانم چۆن دەبێت، ئەو گۆرانییەش لەسەر ئەو ستایلە یەكەمین ئەزموونمە.

رووداو: بەڵام هەست ناكەیت ئەو ستایلە لەگەڵ تەمەن و رووخسار و كەسایەتی تۆدا ناگونجێ‌؟

خەلیل مەولانایی: راستییەكەی لەڕووی هەستمەوە بیرم لەم ستایلە كردووەتەوە كە چ شتێك لەگەڵ هەستمدا دەگونجێت تا بتوانم ئیشی تازەی لەسەر بكەم، ئەگەر ئەو موزیكە بتوانێت هەستێك بە من بدات كە بتوانم گۆرانی بڵێم، ئەوە بۆ من گرنگە. 

پاشانیش لەنێو ستایلەكە بەشێوەیەكی كوردییانە ئیشی تێدا دەكەم واتە ئامێری كوردی تێدا بەكاردێنم، بۆ مەسەلەی تەمەنیش جیاوازی نییە، بۆ نموونە هونەرمەند جوان حاجۆ تەمەنی لە من زۆرترە و بە ستایلەكانی پۆپ و رۆك گۆرانی دەڵێت، بەڵام هەستێكی كوردییانە بە گوێگر دەبەخشێت و دەزانرێت ئەو بەرهەمە كوردییە. بۆ مەسەلەی رووخساریش هەروەكو خۆم دەبم، بەڵام رەنگە لەڕووی جلوبەرگەوە كەمێك بگۆڕێت.

رووداو: گوتت لە رۆژهەڵات دەستكەوتنی موزیسیان كەمێك سەختە، بەڵام گرووپی باشی موزیكیش هەن، بۆچی كاریان لەگەڵدا ناكەیت؟

خەلیل مەولانایی: راستە گرووپی زۆر باشی موزیك هەن، بەڵام بە نرخێكی زۆر گران كار دەكەن، بۆ نموونە هەندێك لەو گرووپانە بە نزیكەی 100 هەزار دۆلار ئەلبوومێكی گۆرانی بەرهەم دێنن كە ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ من ناگونجێت.

رووداو: هەوادارێكی زۆرت لە باشووری كوردستان هەیە، لەكەیەوە سەردانی باشوورت نەكردووە؟

خەلیل مەولانایی: راستییەكەی دوای كۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویستم كاك عیرفان زەنگەنە خاوەنی هۆتێلی چوارچرا لە شاری هەولێر، سەردانی باشووری كوردستانم نەكردووەتەوە و پێموایە زیاتر لە پێنج ساڵە، چونكە ئەو كەسایەتییە هەمیشە هەواڵی هونەرمەندانی دەپرسی و بەرنامەی بۆ ساز دەكردین، بەڵام ئێستا ئەوانە كەم بوونەتەوە.

رووداو: بەنیاز نیت لەو ماوەیەدا سەردانی باشووری كوردستان بكەیت؟

خەلیل مەولانایی: بۆ سەردانەكە پێمخۆشە بە بەرهەمی نوێوە بێمەوە و بەنیازم مانگێك لە دوای ساڵی نوێی كوردی لە شاری سنە كۆنسێرتێك ساز بكەم و ئەگەر ئەو كۆنسێرتە سەركەوتوو بوو، كۆنسێرتێكیش لە شاری سلێمانی ساز دەكەم.

رووداو: دوای ئەوەی چەند ساڵێكە سەردانی باشوورت نەكردووە و وا ساڵ و نیوێكە كوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەتەوە، لە دوورەوە بارودۆخی ئێستای باشوور چۆن دەبینی؟

خەلیل مەولانایی: یەكێك لە هۆكارەكانی بێدەنگیم شەڕی داعشە كە هەموومانی نیگەران كردووە و هەستم دەكرد ئەگەر بەرهەمیشم هەبێت ناتوانم دڵی خەڵك خۆش بكەم.

رووداو: هەوادارێكی زۆرت هەبوو، لەو چەند ساڵەدا پەیوەندییان پێوەكردوویت تا بزانن بۆچی بەرهەمت نییە؟

خەلیل مەولانایی: بێگومان هەواڵم دەپرسن. دوو ساڵ لەمەوبەر چوومە دەرەوەی وڵات كە ئاهەنگمان ساز كرد خەڵك دەیانگوت بۆچی بەرهەمت نییە، بەڵام لەمەودوا ئیدی بە شێوەی تاك گۆرانی دەڵێم و ئەگەر ساڵانەش دوو تا سێ بەرهەم هەبێت باشە، نەك بڵاوكردنەوەی ئەلبووم.

رووداو: هیچ گۆرانییەكی هاوبەشت نییە، خۆت حەزت لە دوێت نییە، یان رێكنەكەوتووە؟

خەلیل مەولانایی: حەز دەكەم بەرهەمی هاوبەشم لەگەڵ كچێكدا هەبێت لە هەر پارچەیەك بێَت كێشە نییە، گرنگ ئەوەیە دەنگی خۆش بێت و ئیحساسی لە منەوە نزیك بێت.

رووداو: ئێستا بەچییەوە سەرقاڵیت، بۆچی بەرهەمت كەمە؟

خەلیل مەولانایی: رۆژانە وەكو زۆربەی هونەرمەندانی دیكە بە ئاهەنگی ژنگواستنەوە سەرقاڵم، ئەوەش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانم. دواتریش لێرە بۆ بەرهەمهێنانی كاری هونەری چەند كێشەیەكمان هەیە، بۆ نموونە جگە لە میدیاكانی باشووری كوردستان، لێرە میدیایەكمان نییە تاوەكو ئەو بەرهەمە نوێیەی هەمانە پێشكەشی بكەین، جگە لەوەش ئەگەر گۆرانییەك بەرهەم بهێنین كە نزیكەی 5 هەزار دۆلاری تێدەچێ‌، میدیاكانی باشوور پەخشی دەكەن بەڵام تێچووەكەمان بۆ خەرج ناكەنەوە، تا بتوانین بەرهەمێكی دیكەی پێ‌ تۆمار بكەین.