خەڵاتی ئیراسموس بە ترێڤەر نەوا بەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی ئەمساڵی ئیراسموس، بە ترێڤەر نەوا، ئەکتەر و پێشکێشکاری کۆمێدی بەخشرا.
ئەو خەڵاتە هۆڵەندییە بە ژمارەیەک زۆر لە کەسایەتییەکان لە بوارە جیا جیاکاندا بەخشراوە؛ ترێڤەر نەوا دەبێتە دووەم کۆمیدی لە دوای چارلی چاپلن، ئەکتەری ئەمریکی ئەو خەڵاتە وەربگرێت کە لە 1965 پێیبەخشراوە.
خەڵاتەکە بە دێسیدریۆس ئیراسموس، فەیلەسوف، زانای مرۆڤدۆستی هۆڵەندی ناونراوە کە لە ساڵانی 1466 تاوەکو 1536 ژیاوە.
نەوا وەک پێشکێشكارێکی کۆمێدی ناسراوە لە زێدی خۆی کە ئەفریقای باشوورە، ناوبانگییەکی زۆری هەیە.
بەهای خەڵاتەکە 150 هەزار یۆرۆیە و ساڵانە بە کەسێک دەبەخشرێت کە بەشدارییەکی ناوازەی لە زانستە مرۆییەکان، زانستە کۆمەڵایەتییەکان یان هونەردا هەیە، چ لە ئەوروپا بێت یاخود هەر وڵاتێکی دیکە.
بڕیارە لە پاییزدا رێوڕەسمێک بۆ پێشکێشکردنی خەڵاتەکە بە نەوا بەڕێوەبچێت.