دكتۆرە بەلقیس: بە گۆرانییەك وەڵامی دەنگۆكان دەدەمەوە

رووداو - هەولێر

ماوەیەكی زۆرە لە كاری هونەری و میدیاش دووركەوتووەتەوە، هەواڵی جۆراوجۆر لە لاپەڕەكانی فەیسبووك و ئینستاگرام لەبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە، دەمێك دەڵێن جەڵتە لێیداوە، دەمێك دەڵێن كوردستانی جێهێشت، بەڵام دكتۆرە بەڵقیس، خانمە گۆرانیبێژ هەموو ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەتدەكاتەوە و دەڵێت: "بەمزووانە بەكارێكی هونەری وەڵامی هەموویان دەدەمەوە"، باس لەوەش دەكات كە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك تەندروستی تێكچووە.

بەڵقیس دۆسكی (دكتۆرە بەڵقیس) لە ساڵی 1953 لەدایكبووە، مامۆستای كۆلێژی هونەرە جوانەكانە و ساڵی 1965 یەكەم گۆرانی بڵاوكردووەتەوە، ساڵانێكی زۆر لە بەغدا ژیاوە، لە ساڵی 2002 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە.

رووداو: ماوەیەكی زۆرە بێدەنگی، هۆكار چییە؟

دكتۆرە بەڵقیس: نەخۆش بووم، لە ماوەی رابردوودا تەندروستیم خراپ بوو، نەمدەتوانی هەناسە بدەم، بەڵام ئێستا باشترم و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامم لە بەكارهێنانی حەب و دەرمان.

رووداو: بەرهەم و گۆرانی نوێت نابێت؟

دكتۆرە بەڵقیس: بەڵێ خەریكم كار بۆ گۆرانییەكی نوێ دەكەم، دەنگەكەی تۆماركراوە، بەڵام جارێ كلیپم نەكردووە، بەمزووانە بە گۆرانییەكی نوێ وەڵامی زۆر شت دەدەمەوە، لە بەرهەمهێنان و گۆرانیگوتنیش بەردەوام دەبم، چەند كارێكی دیكەشم لەپلاندایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمە كاریان بۆ دەكەم.

رووداو: باس لەوە دەكرا كە كوردستانت بەجێهێشتووە و لە ئەوروپا دەژی؟

دكتۆرە بەڵقیس: نا ئەوە راست نییە، من هەر لە كوردستانم و لە هەولێر بە تەنیا دەژیم، نەشچوومەتە ئەوروپا، ئەو هەواڵانە هەمووی دوورن لە راستی و تەنیا رێكلامی لاپەڕەكانن، من بۆ سەفەركردن چەند جارێك چوومەتە ئەوروپا، بەڵام بۆ ژیان تازە ئەوروپا بە كەڵكی من نایەت، من هەر لە كوردستان دەمێنمەوە.

رووداو: بە دڵتەڕی بەناوبانگی، ئەمە لە كلیپە كۆنەكانت و دەركەوتنەكانتدا باش دەبینرا، ئەم كلیپە نوێیەش وا دەبێت؟

دكتۆرە بەڵقیس: من ئێستاش دڵم تەڕەو هەمیشە دڵتەڕم، ئەی ناڵێم بەم كلیپە وەڵامی زۆر شت دەدەمەوە، كلیپێكی زۆر نوێ و تایبەت دەبێت، بەڕای من ژیان زۆر جوانە، مرۆڤ نابێت خۆی بداتە دەست نەخۆشی و پیر بوون، بۆیە دەڵێم من دڵتەڕم و هەر بە دڵتەڕی دەمێنمەوە.

رووداو: لە ماوەی رابردوودا باست لە بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی چەند كلیپێك كرد، بەڵام دواتر بڵاونەكرانەوە، هۆكار چی بوو؟

دكتۆرە بەڵقیس: من هەمیشە بەڵێنی زۆرم پێدەدرێت، ئەمەش بەڵێنێك بوو لە لایەن كۆمپانیایەك پێمدرابوو، بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان نەبردە سەر و كارەكانیان بۆ نەكردم، ئەگەرنا بڕیار بوو چەند كلیپێكی گۆرانی بڵاوبكەمەوە، كارم بۆ هەموو كلیپەكانیش كردبوو، بەشێكیان تۆماریش كرابوون، دەزانی لێرە كێشەكە ئەوەیە كە ناتوانی زۆر پشت بە بەڵێنی كۆمپانیاكان ببەستی، زۆر جار گرێبەستیش دەكەی، بەڵام پاپەند نابن. ئەمەش بەڵێنی كۆمپانیایەك بوو كە چەند كارێكی هونەریم بۆ بكات، بەڵام دواتر بەبیانووی نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی كارەكەی نەكرد.

رووداو: ئەو گۆرانییانەی تۆماركرابوون چیان بەسەر دێت؟

دكتۆرە بەڵقیس: كەم كەم كلیپیان دەكەم و ئەگەر نەمرم هەموویان بڵاودەكەمەوە، گۆرانییەكان هەمووی وەكو خۆی ئاواز و تێكستەكانی هەڵگیران، هەندێكیان تۆماركراون، بەڵام كات و پارە و بودجەی زۆری پێویستە بۆ كلیپكردن، خۆتان دەزانن كاری هونەری ئاسان نییە، هەندێكجار پارەیەكی زۆر پێویستە بۆ كلیپكردن.

رووداو: پێشتر لە چەند بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی دەركەوتووی، پلانت هەیە بۆ دەركەوتن لە بەرنامەی دیكە؟

دكتۆرە بەڵقیس: هەمیشە پێشنیازم بۆ دەكرێت، هەندێكجار بەرنامەكانم بە دڵ نەبوون، هەندێكجاریش تەندروستیم هاوكار و پاڵپشت نەبووە بۆ ئەوەی كارەكە بكەم، ئیدی تەمەنم چووەتە سەر و هەموو كات و هەمیشە ئامادەنیم بۆ كاركردن.

رووداو: جگە لەو گۆرانییەی كە بڵاوی دەكەیتەوە، پلان و كاری داهاتووی تۆ چییە؟

دكتۆرە بەلقیس: ئەگەر خودا یارمەتیدەر بێت دەمەوێت ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاوبكەمەوە، هەروەها بۆ سەری ساڵ و نەورۆزی داهاتوو گۆرانی نوێم هەبێت، ئێستا كەناڵێكی عێراقی فیلمێكی دۆكیۆمێنتەری لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی من و كاركردنم لە بەغدا تۆمار دەكات، زیاتر سەرقاڵی ئەوەم و زۆر كاتم دەگرێت، رۆژ هەیە زیاتر لە 12 كاژێر دێن و سەرقاڵی تۆماركردن دەبن.