کۆنسێرتی تراڤێس سکۆت لە میسر هەڵدوەشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو تراڤێس سکۆت، راپەری ئەمریکی، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە میسر سازبکات، بەڵام بە پێشنیازی سەندیکای هونەرەکانی میوزیک لەو وڵاتە، کۆنسێرتەکە هەڵوەشایەوە.
 
بڕیاربوو کۆنسێرتەکە لە 28ـی تەممووزی 2023 سازبکرێت و وەزارەتی رۆشنبیری میسر رایگەیاند، بە پێشنیازی مستەفا کامیل، سەرۆکی سەندیکای هونەرەکانی میوزیک، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکە دراوە.
 
سەرۆکی سەندیکای هونەرەکانی میوزیک لە میسر، ئەو راپەرە ئەمریکییەی بە بڵاوکردنەوەی "هزری ماسۆنی" تۆمەتبارکردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، هەڵسەوکەوتی هەوادارانی سکۆت لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگەی میسری یەک ناگرێتەوە. 
 
هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی تراڤێس سکۆت لە میسر، ناڕەزایی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هەوادارانی ئەو راپەرەی لێکەوتووەتەوە و تەواوی بلیتەکانی کۆنسێرتەکە لە ماوەی 15 خولەکدا فرۆشراون کە ژمارەیان چوار هەزار بلیتە.