‏‎وەرزی چواره‌می زنجیره‌ی "شته‌ نامۆكان" دوا وەرز نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نووسه‌ری زنجیره‌ فیلمی شتە نامۆکان (Stranger Things) رایگەیاند کە وەرزی چوارەم دوا وەرزی زنجیرە فیلمەکە نابێت.
 
رۆس دەفەر، نووسەری زینجیرە فیلمەکە ئاماژەی بەوە دا، "دەزانین کۆتاییەکەی چۆنە و دەزانین کەی کۆتایی دێت".
 
‏‎تاوەکو ئێستا کاتی بڵاوبوونەوەی وەرزی چوارەم دیار نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان بێت لە مانگی 12ی ئەمساڵ یاخود دەستپێکی ساڵی داھاتوو لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاودەکرێتەوە.
 
‏‎زنجیره‌ی "شته‌ نامۆكان" زنجیره‌یه‌كی سه‌ر به‌ تۆڕی نێتفلێكسه‌. باس لە شارۆچکەی هۆکینس ده‌كات کە دانیشتووانەکەی  لەبارەی بوونی تاقیگەی نهێنی و بوونەوەری جیاجیا و کچێکی نامۆی خاوەن توانای لەڕادەبەدەر کۆمەڵێک نهێنییان بۆ دەردەکەوێت. 
 
زنجیره‌كه‌ بۆ كه‌سانی سه‌روو 12 ساڵان گونجاوه‌. تاوەکو ئێستا سێ وه‌رزی لێ په‌خش كراوه‌ كه‌ كۆی گشتیی هه‌ر سێ وه‌رزه‌كه‌ 25 ئەڵقەیە و‌ دوایین وه‌رزی لە رۆژی 4ی تەممووزی 2019 په‌خشكرا.