گرووپی 'ئایڤ'ـی کۆری گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا کۆتایی پێهێنا
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی کچانی کەی-پۆپ "ئایڤ-IVE" کە بە گۆرانییەکانی "Lovr Dive" و "After Like" ناسراوە، رایگەیاند، کاردانەوەی هەوادارەکانیان لە ئەمریکا ئەوە دەخاتەڕوو کە چەندە ئەم چەشنە میوزیکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناوبانگی پەیداکردووە.
گایۆل، یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە، گوتی: "هەوادارەکانمان بە شێوەیەکی زۆر باش گۆرانییەکانیان لەگەڵ دەگوتینەوە. بۆیە زۆر سەرسام بووین و وامان بیرکردەوە، کەی-پۆپ لێرە زۆر بڵاوبووەتەوە. زۆر سوپاسگوزار بووم کە خەڵکی زیاتر ئایڤ دەناسن و خۆشیان دەوێت".
ئەندامانی گرووپە شەش کەسییەکە باسیان لە گرنگیی متمانەبەخۆبوون و کاری تیمی لە نمایشەکانیاندا کرد.
لیسۆ، ئەندامێکی دیکەی گرووپەکە، گوتی: "پێم وایە متمانەبەخۆبوون لە خۆشویستنی خودەوە سەرچاوە دەگرێت. ناسنامەی تیمەکەمان و هەستی تاکەکەسیی ئێمە وا دەکات هەست بکەین خۆمانمان خۆش دەوێت. لێرەوە متمانەبەخۆبوون دروست دەبێت".
جانگ وۆن-یۆنگ، جەختی لەسەر پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەواداران و هونەرمەندان کردەوە و گوتی: "ئێمە بەردەوام هەست بە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خۆمان و هەوادارانماندا دەکەین لە کاتی نمایشکردن لەسەر شانۆ یان ئەنجامدانی کارەکانمان. پێم وایە ئەمە بەشێکی زۆر ئاشکرایە کە ئێمە بەڕاستی هەوادارانمان خۆش دەوێت، ئەوانیش بەردەوام خۆشەویستی و پشتگیریمان پێ دەدەن، بۆیە بەڵێ، ئێمە هەست بە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز دەکەین و بە مانای وشە، بەبێ ئەوان هیچ شتێک ناتوانین بکەین."
یەکەم گەشتی هونەریی گرووپەکە بەناوی "Show What I Have" لە 2024 لە ئەمریکا بوو و لە شەش شاری جیاوازی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تێیدا گۆرانییەکانی هەردوو ئەلبوومی "I've Mine" و "IVE Switch"ـیان پێشکێشکرد. دوایین کۆنسێرتی بەم دواییە لە شاری نیوارک بوو لە نیوجێرسی.
بڕیارە چوارەم کورتە ئەلبوومی گرووپەکە بە ناوی "Ive Secret" لە 25ـی ئابی 2025 بڵاوبکرێتەوە.