شکستێکی نوێی پاریس جاکسن لە شەڕی یاسایی میراتی باوکیدا
رووداو دیجیتاڵ
پاریس جاکسن، کچی مایکڵ جاکسن، ئەستێرەی کۆچکردووی پۆپ، جارێکی دیکە تووشی شکستێکی یاسایی گەورە بوو لەو شەڕەی کە بۆ بەدەستهێنانی میراتی باوکی دەستیپێکردووە. بەپێی بەڵگەنامە نوێیەکان، دادوەرێکی لۆس ئەنجلس بەشێکی گرنگی ئەو سکاڵایەی رەتکردووەتەوە کە پاریس دژی بەڕێوەبەرانی میراتەکەی باوکی تۆماری کردبوو.
رۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەم 2025 (بە کاتی ئەمریکا)، دادوەر میچڵ بێکلۆف، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی بەڕێوەبەرانی میراتی مایکڵ جاکسن، جۆن برانکا و جۆن ماکلین، دەرکرد. بڕیارەکە بەشێکی زۆری سکاڵاکەی پاریس جاکسنی بەپێی یاسای (Anti-SLAPP)ـی ویلایەتی کالیفۆرنیا پووچەڵکردەوە.یاساکە بۆ پاراستنی تاکەکانە لەو داوا یاساییانەی کە دژی لێدوانەکانیان لە کاتی پرۆسە یاساییەکاندا بەرز دەکرێنەوە.
پاریس تانەی لەو بەڵگەنامانە دابوو کە لەلایەن برانکا و ماکلینەوە پێشکێش کرابوون، بەڵام بە بڕوای دادوەر بەڵگەنامەکان بەپێی یاسا پارێزراون و دەکەونە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە، بۆیە تانەکەی رەتکرایەوە.
سەرەڕای ئەم شکستە، سەرچاوەیەکی نزیک لە پاریس جاکسن رایگەیاندووە، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر ناوەڕۆکی کێشەکە نابێت و تەنیا پەیوەستە بە لایەنی رێکارییەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پاریس بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ ماڵباتەکەیدا دەکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڵگەنامەی نوێ پێشکێش دەکەن.
کێشەی سەرەکیی پاریس لەگەڵ بەڕێوەبەرانی میراتەکە، نەبوونی شەفافیەت و شێوازی خەرجکردنی پارەکانە. بە بڕوای ئەو؛ پارەی نایاسایی بە بڕی سەتان هەزار دۆلار بە پارێزەران دراوە، بێ ئەوەی رەزامەندیی دادگەی لەسەر بێت.
کاتێک مایکڵ جاکسن لە 2009 کۆچی دواییکرد، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزدار بوو، بەڵام بەڕێوەبەرانی میراتەکەی، جۆن برانکا و جۆن ماکلین، کە دوو کەسایەتیی دیاری بواری یاسای کات بەسەربردن و پیشەسازیی میوزیکن، توانییان ئەم دۆخە داراییە سەختە پێچەوانە بکەنەوە.
بەهۆی گرێبەستە گەورەکانەوە، لەوانە فرۆشتنی پشکی مایکڵ جاکسن لە کەتەلۆگی مۆسیقای (Sony/ATV) بە بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار، بەهای میراتەکەی ئێستا بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەپێی وەسیەتنامەکەی مایکڵ جاکسن کە لە 2002 نووسراوە، میراتەکەی بەم شێوەیە دابەش دەکرێت: 40% بۆ دایکی، کاترین جاکسن، 40% بۆ سێ منداڵەکەی پاریس، پرینس و بیگی، 20% بۆ رێکخراوە خێرخوازییەکان.
منداڵەکان تا تەمەنی 40 ساڵی ناتوانن بە تەواوی دەستیان بە پشکەکەیان بگات، بەڵکو لە قۆناغی تەمەنی جیاوازدا بەشێکیان پێدەدرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە پاریس جاکسن تا ئێستا نزیکەی 65 ملیۆن دۆلاری لە میراتی باوکی وەرگرتووە، بەڵام ململانێی یاسایی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم سامانە گەورەیە هێشتا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە بدات.