عارەب عوسمان: من نەبوومایە حەیرانی هەولێر تۆزی لەسەر دەنیشت

رووداو - هەولێر

67 ساڵ لەمەوبەر لە گەڕەكی تەیراوای شاری هەولێر لەدایكبووە. ئێستاش هەر لەو گەڕەكە دەژی. چوار وەرزی ساڵ بە جلی كەشخەوە دەبینرێ‌، بەردەوام قاتێكی بووزوو و پەستەكێك لەبەر دەكات و پشتێنێكی سپی گوڵ گوڵی دەبەستێ‌. عارەب عوسمان كە ناوە هونەرییەكەی تەنیا عارەبە، بە ریتمی خێرا و خاو گۆرانی دەچڕێ‌، بەڵام زۆرتر وەك حەیرانبێژ ناسراوە. رێچكەی عوسمان حەیرانی باوكی و هەروەها حەیرانبێژ رەسوڵ گەردی گرتووە. ئەو پێیوایە ئەگەر عارەب عوسمان نەبووایە، لەدوای هەشتاكانەوە لەو هەولێر شتێك نەدەما بەناوی حەیران. لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) زۆرتر لەبارەی ژیانی تایبەتی و كارە هونەرییەكانی قسە دەكات.



رووداو: چالاكیی هونەریت زۆر كەم بووە، ئێستا رۆژانە زیاتر بە چییەوە سەرقاڵی؟

عارەب عوسمان: خزمەتێكی زۆرمان بە هونەر كردووە. ئەوەندی لە هێز و تواناشمدا مابێت هەر حەیران و لاوك دەڵێم، ئێستا بە ژیانی ئاسایی رۆژانەوە سەرقاڵم و دەچمە دەوام و دێمەوە. لەگەڵ دۆست و برادەران دادەنیشین و قسەی خۆش دەكەین.

رووداو: تۆ زۆرتر وەك حەیرانبێژ ناسراوی، سەرەتا بە حەیران دەستتپێكرد؟

عارەب عوسمان: باوكم و مامەكانم لە دەشتی قەراج و كەندێناوە حەیرانبێژی ناودار بوون، بۆیە ساڵی 1982 مامۆستایانی میوزیك ئامۆژگارییان كردم كە وەكو رەسوڵ بێزار گەردی دەست بە حەیرانبێژی بكەم، ئەو بۆشاییەی لە هەولێر لە بواری حەیران هەیە پڕی بكەمەوە، بۆیە لەو كاتەوە حەیران دەڵێم، راستە باوكم حەیرانبێژ بوو، بەڵام من زیاتر بە حەیرانەكانی رەسووڵ گەردی سەرسام بووم و لەژێر كاریگەری حەیرانی ئەودابووم، ئێستاش دەڵێن ئەگەر حەیرانەكانی عارەب عوسمان نەبووایە دوای هەشتاكان حەیرانی هەولێر تۆزی لەسەر دەنیشت.



رووداو: جیاوازی لە نێوان حەیرانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە؟

عارەب: حەیران موڵكی دەشتی هەولێر و قەراج و كەندێناوەیە، بەڵام لە هەولێر تاوەكو بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێوازی جیاجیا دەگوترێت، هەموویان لەسەر مەقامی بەیاتن.



رووداو: جیاوازی لە نێوان حەیران و لاوك چییە؟ لە هەولێر هەردووكیان دەگوترێن؟

عارەب: جیاوازییان زۆرە، ئەگەر لاوك لە سلێمانیش بگوترێت دەبێت تێكستەكە هەر بە كرمانجی بێت، لاوك زیاتر داستان و مێژووی سەركردە و مێرخاس و عەگیدان دەگێڕێتەوە، بەڵام حەیران زیاتر لەسەر عاشقان و ئەڤینداران و هەندێ جار لەسەر سوارچاكانیش دەگوترێ.

رووداو: ئێستا كۆمەڵێك لە گەنجانی كوردستان حەیران دەڵێنەوە، تۆ وەكو حەیرانبێژێكی دێرین بۆچوونت لەسەریان چییە؟

عارەب: بەڕاستی هەندێ گەنجی دەنخۆش پەیدابوون كە بەشێوەیەكی زۆر جوان حەیران دەڵێن، هیوادارم زیاتر گرنگی بەخۆیان بدەن و حەیران زیندوو بكەنەوە.



رووداو: لە لاوكبێژەكان زیاتر حەز لە دەنگی كامە لاوكبێژ دەكەیت؟

عارەب: زۆر شەیدای لاوكم، بەتایبەتی لاوكەكانی محەممەد عارف و حەسەن جزیری، هەروەها لاوكەكانی خەلیل باكۆزیم زۆر بەدڵە، لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو محەممەد عارف بەشداری زۆر دانیشتنمان كردووە و گۆرانی و لاوكمان بەیەكەوە گوتووە، بەتایبەتی لە ئاهەنگە تایبەتییەكان.. زۆربەی لاوكەكانی محەممەد عارفم لەبەرە.

رووداو: دەگوتریت منداڵەكانی تۆ دەنگیان زۆر خۆشە، بەڵام لێناگەڕێی حەیران بڵێن، بۆچی؟

عارەب: بەڵێ‌ دەنگیان زۆر خۆشە، بەڵام لێناگەڕێم گۆرانی بڵێن، چونكە من لە ژیانی هونەریدا زەحمەتی زۆرم بینیوە، بۆیە حەز ناكەم منداڵەكانم لە كاری هونەری نزیك ببنەوە.



رووداو: تاوەكو ئێستا لە چەند وڵات كۆنسێرتت كردووە؟ 

عارەب: لە نزیكەی 30 - 40 وڵات لە ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریكا كۆنسێرتم كردووە، لە ئەوروپا تەنیا لە نەرویج كۆنسێرتم نەكردووە، لە چەند وڵاتێكی عەرەبیش كۆنسێرتم هەبووە. لە ئێران و توركیا و سووریاش گۆرانی و حەیرانم گوتووە. كاكە حەیرانم لە هەموو دنیا گەڕاندووە و بڵاوكردووەتەوە.

رووداو: پاش ئەوەی سەردانی پاریست كرد، گوتت زبڵەكەی تەیراوا بە هەموو پاریس ناگۆڕمەوە، ئێستاش هەمان بۆچوونت هەیە؟

عارەب: راستە، من هەولێرم زۆر خۆشدەوێت، ئەو كاتەی لە پاریس كۆنسێرتمان هەبوو، گوتیان مەگەڕێوە هەولێر، منیش گوتم هەموو شەقامی شانزەلیزێ ناگۆڕمەوە بە گەڕەكێكی هەولێر. پاریس و سەدان شاری ئەوروپا بە قوربانی هەولێرێ دەكەم.



رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی عەرەب هەیە؟

عارەب: بەڵێ لەگەڵ هونەرمەندانی عێراقی وەكو یاس خزر، مەحموود مەنسوور و بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی ناوداری عێراقی دۆستین و سەردانیان كردووم.

رووداو: دەڵێن پەیوەندییەكی زۆر باشت لەگەڵ فەرەنسۆ هەریری هەبووە؟

عارەب: پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەبوو، لە زۆربەی ئاهەنگ و بۆنەكان بەدوای من و نیزام شوكریدا دەنارد و گۆرانیمان بۆ دەگوت. زۆریش حەزی لە گۆرانی توركمانی بوو كە محەممەد ئەحمەد ئەربیلی و جەبار ئەحمەد بۆیان دەگوت. خۆیشی دەنگی زۆر خۆش بوو، دوای مردنی فەرەنسۆ هەریری زۆر هونەرمەندی هەولێرێ وازیان لە گۆرانیگوتن هێناوە، فەرەنسۆ هەریری زۆر حەزی لە لاوكی حەسەن جەزراوی دەكرد، ناوە ناوە دەیگوت عارەب ئەوجارە نۆبەی منە و گۆرانی دەگوت. ئێستاش كاسێتێكی لەلای منە فەرەنسۆ هەریری لەگەڵ حەسەن زیرەك بەیەكەوە گۆرانی دەڵێن. 9 رۆژ پێش كۆچی دوایی ئەو كاسێتەم لە خۆی وەرگرت و گوتم بۆت دێنمەوە.