ئایرین یەکەم بەرهەمی بەناوی 'ناتوانم' بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئایرین گۆرانیبێژێکی کوردە و نیشتەجێی ئەمریکایە، یەکەم بەرهەمی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەناوی 'ناتوانم' بڵاوکردەوە و ئاوازی یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی ئالڤێس پرێسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی بەکارهێناوە.
 
گۆرانی 'ناتوانم' لە تێکستی ئایرینە و ئاوازەکەی لە گۆرانیی  'Can't help falling in love' وەرگیراوە کە پرێسلی لە 1961 بڵاویکردووە و لە کەناڵی تایبەتی پرێسلی لە 2013 بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 322 ملیۆن بیسەری هەبووە.
 
کاری میوزیکی ئەم بەرهەمە کوردییە لەلایەن ئەفشین موهاجیر و کاری میکس و ماسترینگی لەلایەن هادی جۆلانی کراوە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن ئایرین خۆی کراوە.
 
ئایرین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'ناتوانم' یەکەم بەرهەمیەتی و خۆی دەرهێنەریەتی و کاری وێنەگرتنی لە لۆس ئەنجلس، باڤرلی هێڵز و مالیبۆی کالیفۆرنیا کراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپەکەی بەشێوەیەک بەرهەمهێناوە کە کەشێکی شەستەکانی سەدەی رابردووی هەبێت، بۆ نموونە ئەو ئۆتۆمبێلەی بەکارهاتووە، مۆدێلەکەی بۆ 1961 دەگەڕێتەوە.
 
روونیشیکردەوە، ئێستا کار بۆ ڤیدیۆکلیپی نوێترین بەرهەمی دەکات و بڕیارە لە نەورۆزی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە. گوتیشی 'لە هونەری میوزیکدا، زۆر حەزم لە ئاوێتەکردنی ستایلە جیاوازەکانە و دەمەوێت ئەو شێوازە زیاتر بهێنمە نێو هونەری کوردییەوە'.
 
ئایرین، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێستا لە کالیفۆرنیای ئەمریکا دەژی، لە خانەوادەیەکی هونەری پەروەردەکراوە و هەر لە منداڵییەوە فێری میوزیک بووە و گۆرانی گوتووە و کاری نواندنیشی کردووە.