ئەکتەرێکی زنجیرە فیلمی ڤایکینگ پەیامی بۆ هەوادارانی لە کوردستان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

چالاکییەکانی 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەردەوامە و پەیام سەربەست نێردراوی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رۆژانە رووماڵی دەکات و لێدوانی ئەستێرەکانی سینەما وەردەگرێت. یەکێک لە دیارترین ئەکتەرەکان کە قسەی بۆ رووداو کردووە، ئەکتەرێکی زنجیرە فیلمی ڤایکینگە کە بینەرێکی بەرچاوی لە هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
کارلۆتا گامبا، ئەکتەری ئیتاڵی، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند کە بە دوو فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، بۆیە زۆر دڵخۆشە و دەڵێت، خەونی گەورەی ئەوەیە بەردەوام لە سینەمادا کاربکات. لەبارەی پێشبینی بۆ پێشوازیکردنی لە فیلمەکەی لە فێستیڤاڵدا، گوتی: "تەنیا پێکەوە سەیری بکەین و پێبکەنین، هیچ پێشبینییەکم نییە".
 
 
لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر ئەستێرەکانی سینەما و درامای ئەوروپا دەبیندرێن، یەکێک لەوانە سوربێورن هار بوو کە یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی زنجیرەی بەناوبانگی تەلەڤزیۆنیی 'Vikings'ـە و بینەرێکی زۆری لە کوردستان هەبووە.  نێردراوی رووداو لە نیو سینەمادا بە مۆبایلەکەی ڤیدیۆیەکی سێلفیی لەگەڵ ئەو ئەکتەرە تۆمارکردووە و پەیامی بۆ هەوادارانی لە کوردستان هەیە و دەڵێت: "پەیامی من بۆ هەوادارانم لە کوردستان ئەوەیە کە دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ ئەوەی سەیری شتەکانم دەکەن، بەتایبەت ڤایکینگەکان، هەروەها داوا دەکەم وەکو دۆست بمێننەوە".
 
ئیرین جاکۆب، خانمە ئەکتەری فەرەنسی - سویسری، ناوێکی درەوشاوەیە لە خولی ئەم ساڵی بەرلینالە، ئەو پێشتر خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان وەرگرتووە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو لەبارەی فیلمەکەی کە بەناوی 'Shikun'ـە، گوتی: "فیلمێکی شاعیرانەیە لەبارەی پێکەوەژیان، لەبارەی شوێنێکی کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیانی خەڵک، لەبارەی خانووێکە کە زۆر دوورودرێژە، ئەو هەموو خەڵکە دەبینینین بە پاڵ یەکدیدا تێدەپەڕن و لەگەڵ یەکدیدا دەژین". گوتیشی: "هەریەکەو ژیان و کولتوورێکی جیاوازی هەیە، لەوانەیە کاتەکانیشیان جیاوازبێت. هەریەکەو خاوەن چیرۆکی خۆیەتی، سەرنج لەسەر کاراکتەرێکە کە لە کۆمەڵگەیەکە بەتەواوی لە گۆڕانکاریدایە، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ خەڵکیش لەو چوارچێوەیەدا بەرامبەر یەکدی دەگۆڕێن یاخود نا. فیلمەکە وەکو خەونێک وایە، فیلمێکی سینەماتیکییە لەبارەی پێکەوەژیان".
 
 
ئەندریاس درێسین، دەرهێنەری ئەڵمانی، لەبارەی فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەوە یەکێکە لە گەورەترین فێستیڤاڵەکانە لە جیهاندا، یەکێک لە سێ گەورەترین فێستیڤاڵەکانی جیهان. ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ من لێرە ئامادەم، هەروەها من ژمارەیەکی زۆر لە بینەرم لێرە هەبوو، ئەوەش بۆ من جێگەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە".
 
 
ماریێت ریسنبیک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا، لەبارەی خولی ئەم ساڵی فێستیڤاڵ بە رووداوی راگەیاند: "چوار پێنج رۆژی رابردوو زۆر خۆشبوون، بینەرێکی زۆر هاتوون و فیلمەکان پێشوازییەکی باشیان لەلایەن بینەران و میدیاوە لێکراوە؛ بۆیە ئێمە بە ئەنجامەکان زۆر دڵخۆشین، پێمانوایە کە وەشانێکی زۆر باشی ئەم فێستیڤاڵەیە".
 
لەبارەی کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر فێستیڤاڵ و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی بەهێزی بەرلینالە بۆ ئاستی جارانی، گوتی: "بەڵێ، ئێمە فیلمی کەمترمان بەروارد بە 2020 هەیە فیلمی زیاترت هەبێت، قورستر دەبێت بۆ ئەوەی هەموو فیلمەکان لەلایەن میدیاوە پێشانبدرێت؛ بۆیە فیلمی کەمترمان هەیە بۆ ئەوەی هەر فیلمێک کەمێک بەهێزتر بکەین. ئێمە هۆڵێکی گەورەترمان هەیە کە هەزار و 900 کورسی لێیە، بەردەوام هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن. بە بڕوای من دوای کۆرۆنا ئێمە پێشانماندا کە فێستیڤاڵەکە هێشتا کاریگەریی خۆی هەیە و هێشتا بۆ بینەرەکانی لە بەرلین گرنگە".

 

 
ماریێت ریسنبیک لەبارەی دروشم و پاڵپشتییەکانی ئەم ساڵی فێستیڤاڵ گوتی: "بەیانی پانێلێکمان لەبارەی دروستکردنی فیلم لە قەیرانەکاندا دەبێت، بە بڕوای من بەو فیلمانەی ئێمە پێشانی دەدەین، چەندین فیلمیان تێدایە کە لەبارەی ئەو وڵاتانەن کە لە جەنگدان، بە بڕوای من ئێمە ئەوەمان بەدەستهێناوە، ئێمە بە پێشاندانی ئەو فیلمانەی هەڵمانبژاردوون باسی بابەتەکەمان کردووە؛ هەروەها بە ئاڵوگۆڕکردنی پرسیار و وەڵامەکان لە پانێڵەکەی بەیانی بەڵێ پێموایە ئێمە ئەو ئامانجەمان بەدەستهێناوە. ئێمە هەروەها بڕوامان بە گفتوگۆ هەیە، ئێمە نامانەوێت بابەتەکە بکەینە دوو بەش و لایەن و گفتوگۆکە بوەستێنین، پێموایە ئەمە گرنگە".
 
لەبارەی گرنگیی رۆڵی سینەماش رایگەیاند: "بە بڕوای من خەڵک لە رێگەی سینەماوە دەتوانن زیاتر هۆشیاربن لەو شتانەی کە روودەدەن و لەوەی چ دیدێکی جیاواز لەسەر دۆخێکی ئاڵۆز هەیە، ئایا سیاسەت دەتوانێت بەو هۆیەوە بگۆڕێت؟ ئەمە پرسێکی دیکەیە".
 
ماتیاس گلاسنەر، دەرهێنەری ئەڵمانی بە فیلمێکی نوێ لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و بە رووداوی راگەیاند: "ئەزموونێکی زۆر ناوازەیە چونکە فیلمێکی تایبەتە، نازانم، وابزانم دایک و باوکم لە ئاسمانەوە سەیرم دەکەن، بەڵێ زۆر ناوازەیە". گوتیشی: "هیوادارم خەڵک سەیری دەکەن ئەزموونێکی گەورە بکەن لە ژیانیان، هیوادارم تەنیا وەک فیلمێک یان چیڕۆکێک سەیری نەکەن، بەڵکو خەڵکەکەی سەر شاشەکە بناسن و ئەزموونی ژیان بکەن، هیوای ئەوە دەخوازم کە کاراکتەرەکان لەبیر نەکەن، هیوام وایە ئەوان لە تەواوی ژیانتان لەگەڵتان بمێننەوە کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەن".

 

 
74ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 15-26ـی شوباتی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و 20 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین دەکەن و بە سەتان فیلمساز و هونەرمەند بانگهێشتکراون و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییە جیهانییە دەکات.