گرووپی نیشتمان و ئەیوب عەلی ئیتاڵیا پڕ دەکەن لە سەما و میلۆدی کوردی

رووداو- هەولێر
 
گرووپی میوزیکی نیشتمان لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەیوب عەلی ئامادەبووان دەخاتە سەماوە.

گرووپی میوزیکی نیشتمان، بە ڕابەرایەتی هونەرمەندی نێوداری کورد هەژار زەهاوی، کە بەڕێوەبەری هونەری و دامەزرێنەری گرووپەکەیە، بەشداریان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میوزیکی جاز ۆورڵد لە ئیتاڵیا کرد.

فێستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە میوزیکی جاز و میوزیکی نێونەتەوەیی لە شاری باری لە وڵاتی ئیتاڵیا، کە لە بەرواری2015/6/17 بەڕێوەچوو.

ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە سازدەکرێت و چەندین گرووپی تایبەت بە میوزیکی نێونەتەوەیی و جاز لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بۆ بەشداریکردن تێیدا بانگهێشت دەکرێن.

ئەمە یەکەمین جارە گرووپێکی میوزیکی کوردی بانگهێشتی ئەم فێستیڤاڵە بکرێت و ئەو گرووپەش گروپی میوزیکی نیشتیمان بوو.

هونەرمەندانی گرووپەکە بریتی بوون لە: گۆران کامیل لەسەر ئامێری عود، ئەرتان تەکین زوڕنا و باڵەبانی لێدەد ، هەژار زەهاوی دەف و دەهۆڵ، ئەیوب عەلی بە دەنگ و ساز بەشداربوون .