ئەلێکساندەر پێین سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەریی 82یەمین فێستیڤاڵی ڤێنس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، کە یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهانە، ناوی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دادوەریی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 82یەمین خولی فێستیڤاڵەکەی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە لە 27ـی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 2025 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
لەنێو ئەندامانی لیژنەی دادوەریدا، دەرهێنەری توونسی، ئاریج سەحیری، بەشدارییەکی دیاری دەبێت.
ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند، لیژنەکانی دادوەرانی بۆ سێ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی دابەشکراون، یەکەمیان پێشبڕکێی سەرەکی، پێشبڕکێی ئاسۆکان و پێشبڕکێ بۆ باشترین یەکەم فیلم.
ئەلێکساندەر پێین، دەرهێنەری ئەمریکی کە بە فیلمە کۆمیدییەکانی "Sideways" و "The Descendants" ناسراوە و بەرهەمەکانی 24 جار بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کراون، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەریی پێشبڕکێی سەرەکی دیاریی کراوە.
ئەندامانی دیکەی لیژنەکە بریتین لە ستیفان بریزێ، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی فەرەنسی، ماورا دێلپێرۆ، دەرهێنەری ئیتاڵی، کریستیان مونجیو، دەرهێنەری رۆمانی، محەممەد رەسووڵۆف، دەرهێنەری ئێرانی، فێرناندا تۆرێس، ئەکتەر و نووسەری بەڕازیلی و ژاو تاو، ئەکتەری چینی.
بڕیارە لیستی فیلمە بەشداربووەکانی ئەمساڵ، لە 22ـی تەممووزی 2025 بڵاوبکرێتەوە.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.