بیلی ئایڵێش و جەیمس کامیرۆن کار بۆ فیلمێکی سێ رەهەندی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بیلی ئایڵش، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، لە نوێترین هەنگاویدا لەگەڵ جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری بەناوبانگی کەنەدی کار دەکات و راگەیاند، فیلمێکی سێ رەهەندی لەبارەی گەشتە هونەرییەکەی بەرهەمدێنن.
ئایڵێش، لە میانی کۆنسێرتەکەیدا لە شاری مانچستەری بەریتانیا، رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئەمشەو رەنگە ژمارەیەکی زۆرتر لە کامێرا ببینن. تەنیا دەتوانم بڵێم کار لەسەر پڕۆژەیەکی زۆر تایبەت دەکەم لەگەڵ کەسێک بە ناوی جەیمس کامیرۆن، فیلمەکە بە تەکنیکی سێ رەهەندی دەبێت".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامادەبووانی چوار کۆنسێرتەکەی ئەو شارە "بەشێک دەبن لە کارە نوێیەکە" و ئاشکرای کرد، کامیرۆن خۆی لەنێو ئامادەبوواندا بووە.
کامیرۆن، دەرهێنەری فیلمە بەناوبانگەکانی "Avatar"، "Titanic" و "Aliens"ـە و چەندین شاکاری دیکەیە و کۆی داهاتیان زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە، بەمەش بووەتە دووەم دەرهێنەر لە مێژووی سینەمادا کە زۆرترین داهاتی هەبووە.
لە 2021 بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و کاری هونەریی ئایڵێش بە ناوی "Billie Eilish: The World’s a Little Blurry" بەرهەمهاتووە، لە هەمان ساڵدا بەڵگەفیلمێکی دیکەی میوزیکیی بە ناوی "Happier Than Ever: A Love Letter to Los Angeles" بڵاوکرایەوە.