نێتفلیكس بۆ یه‌كه‌مجار زنجیره‌یه‌ك له‌ وڵاتی میسر به‌رهه‌م ده‌هێنێت


رووداو دیجیتاڵ

پەڕەی فەرمیی سەکۆی نێتفلیکس لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە کە بۆ یەکەمجار لە میسر زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی بەرهەم دەهێنن.
 
تۆڕەکە چوار وێنەی زنجیرەی "ئەودیو سرووشت" (ما وراء الطبیعة)ـی بڵاوکردووەتەوە کە یەکەم کاریەتی لە میسر.
 
نێتفلیکس ماوەیەکی زۆرە بنکەی لە میسر هەیە و سەرجەم بەرهەمەکانی لەو وڵاتەوە  بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدرێن.
 
 
بڕیارە زنجیرەی "ئەودیو سرووشت" لە پاییزی ئەمساڵ پەخش بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەڵقەکانی بڵاونەکراوەتەوە.
 
ئەم زنجیرەیە بیرۆکەکەی لە زنجیرە رۆمانەکانی "ئەودیو سرووشت" (ما وراء طبیعة)ـی نووسەری کۆچکردوو "د. ئەحمەد خالید تۆفیق" وەرگیراوە کە زنجیرە رۆمانێکن و ناوبانگێکی زۆریان هەیە. پێشبینیش دەکرێت زنجیر تەلەڤزیۆنییەکە سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنێت.