شەیدا لە قەڵای هەولێرەوە: بڕیارمدا بگەڕێمەوە رۆژئاوای کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
شەیدا، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە قەڵای مێژوویی هەولێرەوە، رایگەیاند، بڕیاری داوە بەڕێژەی 70% بۆ 80% بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان. ئەو هونەرمەندە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ کاریگەریی قورسی ژیانی پەنابەری و هیوایەکی نوێ گەڕاندەوە کە بەهۆی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانەوە دروست بووە.
شەیدا لە 2016ـەوە رۆژئاوای کوردستانی جێهێشتووە، لە کاتی سەردانیدا بۆ قەڵای هەولێر بە مەبەستی تۆمارکردنی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشکاری بوو، گوتی: "من لێرە بۆنی عامودا دەکەم، چونکە کورد لە هەر شوێنێک بێت، ئەوێ دەبێتە کوردستان".
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە کرد، ژیانی پەنابەری لە ئەڵمانیا کاریگەرییەکی قورسی لەسەر ژیان و کارە هونەرییەکانی داناوە، بەڵام یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانی بە "جێگەی هیوا" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە هاندەرێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی بیر لە گەڕانەوەی یەکجارەکی بکاتەوە و ببێتە بەشێک لەو قۆناغە نوێیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەیدا باسی لە سەرەتاکانی کاری هونەری و پشتیوانیی بێسنووری باوکی کرد، کە چۆن مووچەی ساڵێکی خۆی داوە بۆ کڕینی تەمبوورێک بۆی. هەروەها چیرۆکی پشت بەرهەمە ناسراوەکانی وەک "دلبەر هەگەر"ی ئاشکرا کرد، کە چوار ساڵ پێش بڵاوکردنەوەی، ئاوازەکەی بۆ هاوژینی ئێستای داناوە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا نالین حەسەن سوپرایزێکی بۆ هونەرمەند شەیدا کرد کە سەفقان ئۆرکێشی برای ئامادەکاری دوێتێک دەکات و لەگەڵ ئەودا تۆماری دەکات.