عادل ئیمام لە کاری هونەری دووردەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورکەوتنەوەی عادل ئیمام، ئەکتەری نێوداری میسری لە کاری هونەری، کوڕە گەورەکەی لە یەکێک لە چالاکییە هونەرییەکاندا لە میسر، هەواڵەکەی پشتراستکردەوە.
 
رامی ئیمام، دەرهێنەر و کوڕی گەورەی عادل ئیمام، رایگەیاند، باوکی بڕیاریداوە خۆی بۆ ژیانی خێزانی تەرخان بکات و لە کەشێکی خێزانیدا کات لەگەڵ منداڵ و نەوەکانیدا بەسەرببات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تەندروستیی باوکی زۆر باشە.
 
لە دوای نەخۆشکەوتنی ئیمام و چەند جارێکی بڵاوکردنەوەی مردن و خراپی باری تەندروستیی، لە ئایاری 2023 چەند وێنەیەکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بڵاوکرایەوە.
 
چوار ساڵ بەسەر دوایین کاری هونەریی عادل ئیمامدا تێدەپەڕێت، ئەویش رۆڵگێڕان بوو لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'ڤالنتینۆ'، بەردەوام باس لەوە دەکرا کە ناتوانێت هیچ بەرهەمێکی نوێ پێشکێشبکات، بەڵام براکەی عیسام ئیمام هەموو جارێک ئەو هەواڵانەی رەتدەکرەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەدەکرد، لە داهاتوودا کاری نوێی هونەریی دەبێت.
 
عادل ئیمام، لە 17ـی ئایاری 1940 لە میسر لەدایکبووە، یەکێک لە بەناوبانگترین ئەکتەرەکان و خاوەن زۆرترین جەماوەرە لەسەر ئاستی میسر و وڵاتانی عەرەبی، هەرچەند زیاتر بە رۆڵە کۆمێدییەکانی ناسراوە، بەڵام رۆڵی لە بەرهەمی سیاسی، رۆمانسی و کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە.
 
ئیمام، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بەکاری هونەری کردووە، لە 126 فیلم، 16 زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، 11 شانۆگەری و یەک زنجیرەی رادیۆیی رۆڵی گێڕاوە.