ئادەم پیەرسن لە نەخۆشییەکی دەگمەنەوە بۆ ناوبانگییەکی جیهانی

رووداو دیجیتاڵ

ئادەم پیەرسن، یەکێک لە تووشبووانی نەخۆشی ریشاڵیبوونی دەمارییە کە بەهۆیەوە رووخساری شێواوە، بەڵام توانی ببێتە یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەما لە بەریتانیا و ئەمساڵ بەسەر فەرشی سووری 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلیندا تێپەڕی.
 
ئەو ئەکتەرە لە فیلمی 'A Different Man' رۆلی گێڕاوە و لە 74مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە و لەگەڵ ستافی فیلمەکەی، وەک ئەستێرەیەک بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی کە بە بەرلینالە دەناسرێت.
 
ئادەم پیەرسن جگە لە کاری ئەکتەری، پێشکێشکار و چالاکڤانی بەریتانیایە.
 
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین کە بە بەرلینالە دەناسرێت، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ لێدوانی لەو ئەکتەرە وەرگرتبوو و بە رووداو راگەیاند: "یەکەمجارە دێمە ئێرە، تۆزێ دوودڵم نازانم ئایا یەکەم دەبین یان نا، بەڵام شەرفمەندم کە لێرەم، خێزانەکەشم هاتوون شتێکی خۆشە ئەوان دەمبینن".
 
نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە پێیدەڵێت، لە کوردستان هەوادارت هەیە، قسەیەکت هەیە بۆیان، ئەویش دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشە کە هەوادارم لەوێ هەن، بە هیوام خەڵک کاری منیان بەدڵ بێت، خۆ بە دڵیشیان نەبێ، ئەتوانم چی بکەم".
 
فیلمی "A Different Man" بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە ئەمریکا پێشاندراوە.
 
پیەرسن لە 6ـی کانوونی دووەمی 1985 لەگەڵ برا دووانەکەی نیل لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە 2013 بۆ یەکەمجار لە فیلمێکدا بەناوی 'Under the Skin' رۆڵیگێڕا. 
 
بەشداری لە پرۆگرامەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری رێگریکردن لە توانج لێدان لەو کەسانەی شێوە و رووخساریان شێواوە.
 
ئەو نەخۆشییەی ئادەم پیەرسن تووشیبووە، ناوە زانستییەکەی "نیوریفای بۆومی تۆوسس"ـە گرێی گەورە و نارێک لە سەر دەموچاو و پیست دروست دەکات.
 
هۆکاری نەخۆشی پیەرسن، لە دوای رووداوێک دێت کە سەری بەر شتێک دەکەوێت و بەهۆیەوە تووشی نەخۆشی ریشاڵیبوونی دەماری دەبێت، ئەمەش وادەکات بەهۆیەوە گرێی نا شێرپەنجەیی دروست ببێت.
 
ئەو لە ژیانی ئاسایی خۆی بەردەوام بووە و لە خوێندندا بەکالۆریۆسی لە کارگێڕی کاردا هەیە، هەروەها لە بواری بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنی لە "بی بی سی" کاری کردووە و وەک پەیامنێریش دەرکەوتووە.