لاڤا: ماڵباتەکەم پشتیوانی لە هونەرەکەم دەکەن

 

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند لاڤا، لە میانەی بەشداربوونی لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو، سروودێکی ئایینی بە زمانی کوردی و تورکی لەگەڵ گرووپی میوزیکیی بەرنامەکە پێشکیشکرد.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و یەکێک لە پێشکێشکارانی بەرنامەی 'پاشیڤ'، لە کاتی پرۆڤەکردن دەنگی ئەو هونەرمەندی بیستبوو و لە دەستپێکی بەرنامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تەواوی خەڵکی دهۆک دەنگیان خۆشە و رەنگە هۆکارەکە ئاوی شارەکە بێت.
 
لاڤا بە جلوبەرگی کوردییەوە لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو، لە دەستپێکی بەرنامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێستا ژمارەی ژنانی گۆرانیبێژ لە دهۆک کەمە و هۆکارەکەی بۆ کولتووری ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە بۆ ژن سەختە بچێتە نێو هونەرەوە.
 
دکتۆر ئادەم بێدار، پرسیاری ئەوەی ئاراستەی ئەو هونەرمەندە کرد کە چ سەختییەک لە کارەکەیدا هاتووەتە پێشی؟ لاڤا لە بەرامبەردا دەڵێت، هیچ کارێک نییە سەختی تێدا نەبێت، بەتایبەتیش لە رووی کولتوور و کۆمەڵگەوە.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ماڵباتەکەی پشتگیری لە خۆی و هونەرەکەی دەکەن، سەرەتا ترسێکیان هەبوو، بەڵام ئەو توانی بە بڕوابوونی خۆی، ئەو ترسە لەلای ئەوان نەهێڵێت. روونیشیکردەوە کە زۆر ژن هەن دەنگیان خۆشە، بەڵام ناتوانن دەرکەون و گۆرانی بڵێن.
 
بە بڕوای ئەو هونەرمەندە، دەبێت ژن بەهێز بێت، گوتیشی، "بەهۆی کۆمەڵگەوە ماڵباتی منیش دەترسان، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی نا تەندروستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هەندێ کەسەوە وادەکەن ماڵباتەکانیان ترسیان لە دەرکەوتنی کچەکانیان هەبێت."
 
بانوو دڵشاد، لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی پرسیاری لێکرد، بەڵام لاڤا، گوتی، پڕۆژەی نوێی هەیە و لە داهاتوودا ئاشکرای دەکات.

 

روونیشیکردەوە، ئەو کەمتر سوودی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆی و هونەرەکەی بینیوە، بەڵام پلانی هەیە، لە داهاتوودا زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.
 
پەیام عەزیزی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشکێشکاری بەرنامەکە، لە کۆتایی بەرنامەکەدا هەمان ئەو گۆرانییەی کە هونەرمەند لاڤا پێشکێشی کرد، بە دەنگی خۆی لەگەڵ گرووپی میوزیکی پێشکێشی کردەوە.
 
لاڤا شێروان خەڵکی دهۆکە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکەنە و ژەنیاری ئامێری کەمانە، خاوەنی دوو ڤیدیۆکلیپە، بەناوەکانی "بێ دەنگ هات" و "عەشقا بێ داوی."
 
"پاشیڤ" بەرنامەیەکی دوو کاژێریی تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 01:00 بۆ 03:00ـی بەرەبەیان لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەڵای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاری بەرنامەش گفتوگۆ دەکات و پرسیار لە میوانەکان دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەنکار.