موهەنەد وازدێنێت

رووداو- هەولێر

 ماوەیەکی زۆرە موهەنەد کە ناوی راستەقینەی کیفانچ تاتلیتوگە لە چاوی میدیاییەکانی تورکیا دوورکەوتۆتەوە،  لەم رۆژانەشدا بەهۆی لێدوانێکی کە باس لە وازهێنانی دەکات هەوادارانی تووشی شۆک کرد.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا موهەنەد بە راشکاوانە رایگەیاند" ئەمساڵ کۆتایی بە رۆڵبینین لە دراماو فیلم دەهێنم و خۆم تەرخان دەکەم بۆ نووسینی سیناریۆ وبەرهەمهێنانی کاری سینەمایی، لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر حەزم لە ئازادی و سەربەستی ژیانی خۆم هەیە، کەچی لەبەر فیلم ودراما تەواوی ژیانم وێران بووە".

هەر لەم چاوپێکەوتنەدا موهەنەد گوتی" ئێستا بۆ هێورکردنەوەی دڵ ودەروونم زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەم، هەروەها ژیانی سادەو ساکاری لادێم زۆر پێخۆشە بۆیە ئێستا لە گوندێکی دوور دەژیم و دوور لە ئینتەرنێت و ژاوەژاوی شارو بێزارکردنی هەواداران ژیان دەگوزەرێنم بەم شێوەیەش زۆر ئاسوودەم".

موهەنەد دەشڵێت" ئێستا هەموو کاتەکانی خۆم بە راوەماسی و کاری کشتوکاڵی و جارجاریش نووسینی سیناریۆ و بیرەوەرییەکانم بەسەردەبەم، هەوڵیش دەدەم کارێک بکەم سوودی بۆ خۆم و کۆمەڵگا هەبێت".

 کیفانچ تاتلیتوگ ئەکتەرو نمایشکاری تورکی لە ساڵی 1983 لە دایکبووە، یاریزانی تۆپی باسکە بووە، ساڵی 2002 خەڵاتی باشترین مۆدێلی لە تورکیا وەرگرتووە، بەشداری لە چەندین دراماو فیلمی تورکی کردووە.