راغب عەلامە هەوڵی "چوونەنێو سیاسەت" دەدات

رووداو- هەولێر

گۆرانیبێژی لوبنانی راغب عەلامە، دوای ئەوەی وەک باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرا، هەوڵی بەردەوامی بۆ ژینگەپارێزی و پاکوخاوێن راگرتنی شارەکان هەیە، بەشێك لە خەڵكیش پێیانوایە هەوڵی چوونەنێو سیاسەت دەدات.

راغب عەلامە لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، چەند وێنەیەکی پاشماوە و زبڵی بڵاوکردوونەتەوە، کە لەسەر یەكێک لە شەقامەکانی بەیروت فڕێدراون، عەلامە لەسەر وێنەکان نووسیویەتی" ئەم وێنانەی ئێستا دەیبینن گەلێک دڵهەژێنە، لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکی پایتەختی لوبنان چەند تەنێک پاشماوە فڕێدراون، ئەگەر هەر کەسێک ماڵ و نیشتمانەکەی خۆش بووێت، دڵی نایەت ئەم کردارە قێزەونە دووبارەبکاتەوە".

ئەمە یەکەمجار نییە راغب عەلامە بۆچوونی خۆی لەسەر کۆمەڵگا و نیشتمانەکەی بڵاوبکاتەوە، هەندێجاریش راوبۆچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیشی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە، بۆیە بەشێک لەخەڵکی پێیانوایە راغب عەلامە هەوڵی چوونەنێو سیاسەت دەدات.