ئیلیز: پێم خۆشە لە خۆم بچم نەك لە نانسی
رووداو- هەولێر
ئیلیز چەند ساڵێكە هاتووەتە ناو دنیای گۆرانیگوتن، بەڵام كلیپی ئەمجارەی بەتایبەتی لە كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، چونكە تێكستەكەی تێكەڵەیەك بوو لە كوردی و عەرەبی.
ئیلیز كە بە زەحمەت دەتوانی لە روخساردا لە هونەرمەندی لوبنانی نانسی عەجرەمی جیابكەیتەوە، سەركەوتنی ئەم كارەی كە بەناوی (یەك دوو) بوو، بەپلەی یەكەم بۆ ئاوازدانەری كورد هەڵكەوت زاهیر دەگەڕێنێتەوە كە هەر ئەویش پێشنیازی بۆ كردبوو تێكستی گۆرانییەكەی تێكەڵەیەك بێت لە كوردی و عەرەبی. ئەو هونەرمەندە شۆخە لوبنانییە لە یەكەم قسەكردنیدا بۆ میدیای كوردی، هیوا دەخوازێ لە نزیكترین كاتدا كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
رووداو: هەر لە سەرەتاوە ورووژێنەر دەركەوتی؟ دەتەوێ لەم رێگایەوە هەوادار بۆخۆت كۆبكەیتەوە؟
ئیلیز: لە لوبنان ئەم جلوبەرگانە ئاسایین، ئێمە لە ژیانی رۆژانەشدا لەبەری دەكەین و ستایلی جلوبەرگ پەیوەستە بە رای خۆم و دەرهێنەر و ستایلیستی كلیپ.
رووداو: دەڵێن هەڵكەوت زاهیر پێی خۆش نەبووە جلوبەرگەكەت بەو رادەیە رووت بێت؟
ئیلیز: راستە، هەرچەندە هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر حەزی دەكرد ستایلی جلوبەرگەكە زیاتر پۆشتە بێت، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا ئەو شێوازە لێرە ئاساییە و هیچ مەبەستێكم لەوە نەبوو.
رووداو: پێتوایە جوانیەكەت فاكتەرێكی گرنگ بێت بۆ نێوبانگ پەیداكردنت لە بواری كاری هونەری، چونكە تۆ زۆر لە نانسی دەچیت؟
ئیلیز: سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ئەو روخسارەی بە منی داوە، لەڕاستیدا ئەمڕۆ روخسار رۆڵی گرنگی هەیە، بەڵام من ئیلیزم و پێمخۆشە لە خۆم بچم، ئەگەر لێكچوونێكیش هەبێ لەنێوان من و هونەرمەند ناسی عەجرەم ئەوە بەدەستی من نییە.
رووداو: نانسی وای لێكردی ببیتە گۆرانیبێژ؟
ئیلیز: نەخێر ئەوە خولیای خۆم بوو هەر لە منداڵیمەوە.
رووداو: بۆچی بە كوردی گۆرانیت گوت؟
ئیلیز: كە داوام لە مۆسیقار هەڵكەوت زاهیر كرد بۆ كاركردن، ئەو پێشنیازی كرد كە چەند بەشێكی بە كوردی بگوترێ، منیش پێشنیازەكەم زۆر پێ خۆش بوو، بۆیە بڕیارم دا بەشێك لە گۆرانییەكە بە كوردی بێت بۆ ئەوەی كارەكە دەوڵەمەندتر بێت و بەكارهێنانی دوو زمان بۆ منیش جێی خۆشحاڵییە، بۆئەوەی جەماوەری كوردستانیش بمناسن. دواتریش هەردوو كلیپی هونەرمەندانی ناوداری عەرەب (سەمیرە سەعید و میادە حەنناوی) كە گۆرانییان لەسەر كوردستان گوت و بەكارهێنانی وشەی كوردی لەلایەن سەمیرە سەعید، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لە وڵاتە عەرەبییەكان، ئەمە دەرگایەكی باش بوو بۆ ئێمەش.
رووداو: بەڵام بۆچی زمانی كوردیت هەڵبژارد، هیچ نهێنییەك لەوەدا هەیە؟
ئیلیز: هەموو كارێك سەرەتای هەیە، پێم خۆشە بە هەر زمانێكی دیكەش بێت كاری هونەریم فراوانتر بكەم، سەبارەت بە نهێنی بەڵێ بێگومان نهێنی تێدایە، نهێنییەكەش سەركەوتنە، چونكە كورد خاوەنی بینەر و بیسەرێكی زۆرن و لە هەمانكاتیش هونەرێكی دەوڵەمەندی هەیە، ئەوەش وا لە هونەرمەندانی دونیا دەكات كە گۆرانی بەو زمانە بڵێن.
رووداو: پێتوانییە كە پەلەت كرد لە گوتنی گۆرانی بە زمانی كوردی؟
ئیلیز: نەخێر، چونكە دڵنیام سەركەوتن چاوەڕێمە و سەردەكەوم لە كارەكانم، وەك ئاماژەم پێدا هونەری كوردی دەوڵەمەندە و پێویستی بەو ستایلانەش هەیە.
رووداو: بۆچی دەتەوێ لە كوردستان بناسرێی؟
ئیلیز: بێگومان بە خۆشحاڵییەوە شانازی پێوە دەكەم، چونكە میللەتی كورد بە میللەتێكی میواندۆست و بەڕێز ناسراوەو هەر لە یەكەم هەنگاوی كاركردنمدا ئەم هەڵوێستەم بە دی كرد، ئەویش بە پێشوازیكردنی هەڵكەوت زاهیری مۆسیقار، جگە لەوەش گرنگیدان بە كارەكەم لەلایەن میدیاكانی كوردستان كە زۆر گرنگیی بە هونەرمەند دەدەن، ئەوەش وای لێكردم زیاتر سووربم و لە كارەكانی دواتریش تێكستی كوردی بەكاربێنم.
رووداو: چۆن بوو هەڵكەوت زاهیرت هەڵبژارد بۆ ئەو كارە؟
رووداو: هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر ئەمڕۆ یەكێكە لە ناودارترین دانەرانی میلۆدی و لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان ناوبانگێكی زۆر باشی هەیە.
هەمیشە وا ناسراوە كە كارەكانی جیاوازن لە ئاوازدانەرەكانی دیكە، دواتر كارە زۆر دیارەكانی كوردستان ئەو هونەرمەندە كردوونی، كاتێك دێیتە كوردستان لەهەر كەسێك دەپرسی و باس موزیك دەكەیت، ناوی ئەوت پێدەڵێن، ئەمڕۆ براندێكە لە هونەری موزیكدا، دواتر لەگەڵ ناودارترین هونەرمەندانی عەرەب وەك سەمیرە سەعید و میادە حەنناوی و نەسرین حمێدان و عەلی حەجار و چەندانی دیكە كاری كردووەو ئەرشیفی دیارە، ماوەیەكی زۆر بوو لە هەوڵی ئەوەدا بووم كە بتوانم كاری لەگەڵ بكەم، خۆشبەختانە كارەكەم سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستا خەریكی كاری دووەمم لەگەڵ ئەو هونەرمەندە.
رووداو: تۆ كە سەردانی هەولێرت كرد چ شتێكی سەرنجڕاكێشت بینی؟
ئیلیز: كوردستان بەگشتی زۆر جوانە و خۆشە، هەولێر شارێكی ئارام و خەڵكێكی میواندۆستی هەیە، هیوادارم لە نزیكترین كاتدا كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و میللەتی كورد بە هەموو مافەكانی خۆیان بگەن، چونكە ئێوە شایانی ژیانێكی باشترن.
رووداو: چاوەڕێی ئەوەت دەكرد كە پێشوازییەكی گەرم لەو كارەت بكرێت لە كاتێكدا كە ئێستا كوردستان لە جەنگدایە؟
ئیلیز: پێشبینیم دەكرد، موزیكێكی جوان كە هەڵكەوت زاهیر داینابێت و كلیپێكی جوان كە دەرهێنەری بەتوانا فادی حەداد كاری بۆ كردبێت و تێكستێكی نایابی هەبێت بێگومان سەركەوتوو دەبێت.