گۆرانی ئینزیبات: بایی شەش كورسیی پەرلەمان هەوادارم هەیە

رووداو - سلێمانی

گۆرانیبێژی میللی، گۆرانی ئینزیبات، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕانە. ئەو دڵنیایە دەگاتە پەرلەمان و دەڵێ‌: "بەشی 6 كورسی هەوادارم هەیە". دڵنیاشە لەوەی دەنگی ئەو لە سەرۆكی لیستەكانیش زۆرتر دەبێ. بەڵام لەبەرئەوەی دڵنیا نەبووە لەوەی سەرپێچییە یان نا، گۆرانیی بۆ خۆی و لیستەكەی نەگوتووە.


رووداو: تۆ بەندبێژ و گۆرانیبێژی میللیت و هەوادارت زۆرە، بەشی چەند كورسیی پەرلەمان هەوادارت هەن؟

گۆرانی ئینزیبات: ببوورن من هەر بەندبێژ و گۆرانیبێژ نیم. چونكە توانیومە هەموو جۆرە گۆرانییەك بڵێم. خەڵك ئەو راستییە دەزانن. من هەوادارێكی زۆرم هەیە. نەك بەشی كورسییەك، بەڵكو بەشی 6 كورسی هەوادارم هەیە.

رووداو: چۆنە لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا بەند و گۆرانیت بۆ خۆت و لیستەكەت نەگوتووە؟

گۆرانی ئینزیبات: لەبەر بڕیاری كۆمیسیۆن گۆرانیم نەگوتووە، چونكە من نامەوێ كاری نایاسایی بكەم. تاوەكو ئێستا روونیان نەكردووەتەوە کە ئایا دەتوانم گۆرانی بڵێم یان نا. داواشم لێكردوون، بەڵام تاوەكو ئێستا چاوەڕوانم وەڵامم بدەنەوە. ئەوكات كە رێگەیاندام، بەدڵنیاییەوە گۆرانی بۆ خۆم و لیستەكەشم دەڵێم.

رووداو: كێ‌ داوای لێكردی خۆت بپاڵێوی؟

گۆرانی ئینزیبات: خەڵك و هەوادارەكانم داوایان لێكردم خۆم بپاڵێوم. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، بانگەشەم بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەكرد. كەمپینی هەڵبژاردنەكانم بەڕێوەدەبرد. خەڵكیش لەو روانگەیەوە پێیانگوتم: بۆ خۆت هەڵنابژێری؟ تۆ هەر كارەكە دەكەیت با خۆتی تێدابێت.

رووداو: بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە ساردە، پێتوایە بەندبێژ و گۆرانبێژە میللییەكان بتوانن گەرمی بكەن؟

گۆرانی ئینزیبات: بێگومان گۆرانیی گۆرانبێژە میللییەكان دەتوانن زۆر گەرمی بكەن، چونكە خەڵكی زۆر حەزیان لەو جۆرە گۆرانییانەیە.

رووداو: بڕوات وایە دەنگدەری تۆ زۆرتر لەناو شاری سلێمانییە یان لە قەزا و ناحییەكان؟

گۆرانی ئینزیبات: خۆم پێوەرم هەبێت بۆ ئەوە، دەنگدەری زۆرم هەیە لە قەزا و ناحیەكان و گوندەكان و ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دەنگدەری زۆرم لە شاری هەولێر هەیە. زۆرترین دەنگم لە شاری هەولێر دەبێت. بڕوام وایە دەنگەكانی هەولێرم لە سلێمانی زیاتر دەبێت.

رووداو: بزووتنەوەی گۆڕان دڵنیایە تۆ بەهۆی هەوادارانتەوە دەنگی زۆر دەهێنیت؟

گۆرانی ئینزیبات: گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانی پێوەری بۆ ئەوە نییە کە چەند دەنگ دەهێنێ، بەڵكو دەیەوێت كەسێكی پاك بێ و لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێ‌.

رووداو: ئەگەر بچیتە پەرلەمان، چی بۆ هونەرمەندە میللییەكان دەكەیت؟

گۆرانی ئینزیبات: هەمیشە لە خزمەتی گۆرانیبێژە میللییەكاندا دەبم. كاری سەرەكیی من لە پەرلەمان خزمەتكردنی وەزارەتی رۆشنبیری دەبێت. چونكە زۆر كاڵوكرچی بەكارەكانی ئەو وەزارەتەوە دیارە. ئیشەكانیان لەجێگەی خۆیدا نییە. 

هیچیان بۆ هونەرمەندە میللییەكان نەكردووە. تاوەكو ئێستا ناسنامەیەكیان بۆ نەكردوون، كە باوەڕپێكراو بێت و پێی بچن بۆ شوێنێك. من كارێكی وایان بۆ دەكەم كە خۆیان بناسن، كە هونەرمەندێكی باشن و وەك هونەرمەندە جیهانییەكان رێز و پێزانینیان بۆ دروستدەكەم. هەروەها مووچە و كاری پێویست. هەر لەڕێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە قوتابخانەیەكی فێربوونی مەقاماتی كوردییان بۆ دادەمەزرێنم. قوتابخانەیەكی رۆشنبیری لە سلێمانی دادەمەزرێنم. چونكە پایتەختی رۆشنبیرییە و قوتابخانەیەكی لەو شێوەیەی نییە. هونەرمەندە میللیەكان پشتگیریی تەواوم دەكەن. چەند گۆرانیبێژێكیش گۆرانییان بۆ سەرخستنی من گوتووە.

رووداو: ئەگەر ببیتە پەرلەمانتار هەر گۆرانی دەڵێی؟

گۆرانی ئینزیبات: بێگومان گۆرانی دەڵێم، گۆرانی لەگەڵ رۆحمدایە، ناتوانم لە گۆرانی داببڕێم. رەنگە نەتوانم وەك بەشێوەی جاران گەعدە بكەم، بەڵام گەعدە تایبەتەكانم هەر دەكەم.

رووداو:  حەزت دەكەیت لە كام لیژنەی پەرلەمان كار بكەیت؟

گۆرانی ئینزیبات: حەزدەكەم لە لیژنەكەی خۆم كە لیژنەی هونەرییە كاربكەم.

رووداو: بڕوات وایە لە سەرۆكی لیستەكەت دەنگی زیاتر بهێنی؟ 

گۆرانی ئینزیبات: ئەگەری زۆر هەیە لە سەرۆكی لیستەكەم دەنگی زۆر زیاتر بهێنم. گەڕەك بە گەڕەك و گوند بە گوند گەڕاوم بۆ گۆڕان. هەموویان پەیوەندیم پێوە دەكەن، كە دەنگیان بۆ منە. هەر بۆیە بێگومان لە سەرۆك لیستی هەموو لیستەكانی دیكەش زیاتر دەنگ دەهێنم. دەبمە یەكەم دەنگ لەناو بەربژێری سەرجەم  لیستەكان. زۆر دڵنیاشم لەوە. هەر ئەوەش وایكردووە كەمترین ریكلام و بانگەشە بكەم. ئەوەشی كردوومە لە زیادە كردوومە.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ جەلال پەرێشان چۆنە؟

گۆرانی ئینزیبات: رووبەڕوو نایناسم. رێزم هەیە بۆی. ئومێدی سەركەوتنی بۆ دەخوازم بۆ پەرلەمان. ئەگەر هاوڕابین لە كارەكانماندا، ئامادەم كاری لەگەڵ بكەم لە پەرلەمان، وەك یەك تیم.

رووداو: لە رابردوودا پەیامێكت بۆ ترامپ نارد. بۆچی ئەو پەیامەت نارد؟

گۆرانی ئینزیبات: لە خۆشیدا شاگەشكە بووم کە دراوی ئێران و توركیا داڕما، هۆكارەكەشی ترامپ بوو و وایلێكردن. بۆیە ئەو پەیامەم نارد. هەر كەس و وڵاتێك یەك رۆژ میللەتەكەمی چەوساندبێتەوە، من دژی دەبم.

رووداو: ئەوەندە نەتەوەییانە بیردەكەیتەوە،  لە گشتپرسییەكەدا دەنگت بە بەڵێ‌ دا؟

گۆرانی ئینزیبات: بەڵێ‌ بە (بەڵێ‌) دەنگم دا. چۆن دەنگ بۆ گشتپرسی نادەم، كە بۆ كوردستانە؟ نەك كاك مەسعود بارزانی بیكات، بەڵكو هەر كەسێكی دیكەش بیكات هەر دەڵێم بەڵێ‌. چونكە ئەوە پرسێكی نەتەوەییە. سەرسەختانەش لە پەرلەمان داكۆكی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەكەم. من راستەوخۆ بە سەرۆكی نەوەی نوێم گوت، ئەو كارەی تۆ دەیكەیت دژی گشتپرسی، كارێكی زۆر هەڵەیە و بۆ مێژوو لەسەرت دەكەوێت. ئەوە لەكاتێكدا بوو کە داوایلێكردم پشتگیری بەرەی نەخێر بكەم، پێیگوتم كەناڵەکەم دەخەمە خزمەتت، بەڵام رەتمكردەوە دژی گشتپرسی بم.

رووداو: یەكێتی داوای لێنەكردووی بگەڕێیتەوە نێو یەكێتی؟

گۆرانی ئینزیبات: چەندینجار هەڵیانداوە، لەڕێگەی بەرزترین مۆدێلی ئۆتۆمبێل و شوقە و زەوی و چیم بوێت بۆم بكەن. زۆر شتی دیكەش، بەڵام هەر وەڵامیشم نەداونەتەوە.