سێ ئەستێرەی نوێ بوونە ئەندامی هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی کانتری
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا سێ ناوی دیاری جیهانی میوزیکی کانتری، تۆنی براون، جۆن کارتەر کاش و کێنی چێسنی، بە فەرمی پێشوازییان لێکرا و ناویان خرایە نێو هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی کانتری.
رێوڕەسمەکە لە شانۆی (CMA) لەنێو باڵەخانەی مۆزەخانەی هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی کانتری لە شاری ناشڤێڵ بەڕێوەچوو کە گەورەترین ئەرشیفی مێژووی ئەم جۆرە میوزیکەی لەخۆگرتووە.
مۆزەخانەکە ساڵی 1964 دامەزراوە و لە 1967 کرایەوە، ئەرکی کۆکردنەوە، پاراستن و شرۆڤەکردنی مێژوو و نەریتە بەردەوامەکانی میوزیکی کانتری لە ئەستۆ گرتووە.
هۆڵەکە وەک ناوەندێکی رۆشنبیریی ئامێری میوزیک، جلوبەرگی سەر شانۆی هونەرمەندان، دەستنووسی گۆرانییەکان و یادگارییە کەسییەکانی هونەرمەندان ناسراوە. ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک سەردانیکەری هەیە و لە 2014 فراوانکرا بۆ زیاتر لە 350 هەزار پێی چوارگۆشە. چەندین گەلەری، شانۆ و سەنتەری پەروەردەیی وەک (سەنتەری تایلۆر سویفت بۆ پەروەردەی) لەخۆدەگرێت.
تۆنی براون، وەک پرۆدیوسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆمارکردن، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی دەنگی میوزیکی کانتری هاوچەرخ. زیاتر لە سەت گۆرانیی ژمارە یەک و فرۆشی سەروو سەت ملیۆن ئەلبومی هەیە. لە رێوڕەسمەکەدا، ڤینس گیل میدالیای رێزلێنانی پێشکێش کرد.
جون کارتەر کاش، میوزیکژەنی کۆچکردوو و ئەندامی ماڵباتی بەنێوبانگی کارتەر، بەهۆی کاروانە دوورودرێژەکەی وەک گۆرانیبێژ، گۆرانینووس، ئەکتەر و کۆمیدیان رێزی لێنرا. ئەو خاوەنی پێنج خەڵاتی گرامی بوو و گۆرانییە هاوبەشەکانی لەگەڵ جۆنی کاشی هاوژینی، وەک (Jackson) و (If I Were a Carpenter)، وەکە بەرهەمە کلاسیکییە دیارەکانی میوزیکی کانتری دەناسرێت. ئێمیلو هاریس، ئەندامی هۆڵەکە؛ میدالیای رێزلێنانەکەی پێشکێش کرد.
کێنی چێسنی، وەک یەکێک لە ئەستێرە هەرە سەرکەوتووەکانی سەردەمی مۆدێرنی میوزیکی کانتری دەناسرێت کە بە فرۆشی زیاتر لە 30 ملیۆن ئەلبووم و چەندین خەڵاتی گەورە، لەوانە چوار خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵی (CMA)، ناسراوە. ئەو بە گەشتە هونەرییە پڕجەماوەرییەکانی؛ ناوبانگی دەرکردووە.
پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی کانتری لەلایەن کۆمەڵەی میوزیکی کانتری (CMA) بەڕێوەدەچێت و ساڵانە تەنیا سێ ئەندامی نوێ لە رێگەی دەنگدانی لیژنەیەکی نهێنییەوە هەڵدەبژێردرێن.