براد پیت: (F1) سینەمای خێرایی بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ پێناسە کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
براد پیت، ئەکتەری ئەمریکی، لەبارەی فیلمی (F1) رایگەیاند، ئەو ئەزموونەی لە فیلمەکەدا پێشکێشی دەکات، تەنیا نواندنێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو گەشتێکی راستەقینە بووە لەنێو جیهانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلدا، تێیدا کارەکتەرەکەی "چیرۆکێکی رزگاربوون" دەگێڕێتەوە کە لە سنوورەکانی پێشبڕکێ تێدەپەڕێت.
پیت لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا، کە بە شێوازی ئۆنلاین بۆ دەنگدەرانی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بەڕێوەچوو، جەختی کردەوە، ئەو لەگەڵ تیمەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ راهێنانیان کردووە و بە شێوەیەکی راستەقینە ئۆتۆمبێلی (فۆرمولا 1)ـیان لێخوڕیوە. گوتیشی: "ئێمە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بە کرداری ئۆتۆمبێلەکانمان لێخوڕی، ئەزموونێکی لەبیرنەکراو بوو. سەرەتا خێراییەکە ترسناک بوو، بەڵام لەگەڵ کاتدا بووینە بەشێک لە گۆڕەپانی پێشبڕکێیەکە".
ئەو ئەستێرەیە ئاماژەی بەوەدا، کارەکتەری سۆنی هایس، پاڵەوانێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو مرۆڤێکە دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە. گوتیشی: "سۆنی هایس سوپەرهیرۆ نییە، مرۆڤێکە هەڵە دەکات و دەگەڕێتەوە، ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە هەموومان بە شێوازی جیاوازەوە دەیژین".
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی براد پیت لەسەری وەستا، ئەو هەستە دەروونییە قووڵە بوو کە شۆفێرانی (فۆرمولا 1) ئەزموونی دەکەن. ئەو باسی لە دانیشتنێکی 12کاژێری لەگەڵ پاڵەوانی جیهان لویس هامیلتۆن کرد و گوتی: "ئەو هەستەی هیچ دەنگ و ترسێکی تێدا نامێنێت، ئەوەیە کە هەوڵماندا بیگوازینەوە بۆ بینەر. ئەو ساتەیە کە پێشبڕکێ دەبێتە فەلسەفەی ژیان".
پیت ئەو دۆخەی بە کارێکی هونەری چواند و گوتی: "ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە هونەرمەندێک یان ئەکتەرێک یان ژەنیارێکی میوزیک هەوڵی بۆ دەدات کاتێک دەگاتە لووتکەی هاوئاهەنگی لەگەڵ کارەکەیدا. بۆیە چیرۆکی سۆنی هایس تەنیا چیرۆکی شۆفێرێکی گەڕاوە لە شکست نەبوو، بەڵکو چیرۆکی مرۆڤێک بوو کە لەنێو گەردەلوولدا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت".
ئەزموونەکە بەبێ مەترسی نەبووە. براد پیت بە پێکەنینەوە گوتی: "درووشمی رۆژانەی وێنەگرتن بریتی بوو لە: ژیانی بپارێزن... نامانەوێت براد پیت بکوژین". ئەو جەختی کردەوە کە هەستکردن بە مەترسی لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنی پێکدادانەکاندا راستەقینە بوو.
فیلمی (F1) لە بەرهەمهێنانی جێری برۆکهایمەر و ستۆدیۆکانی ئەپڵە، تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و کامێرای داهێنەرانە بەکارهاتووە بۆ ئەوەی بینەر هەست بکات لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدایە و ئەزموونی راستەقینەی شۆفێرەکان بکات.