توانا فەرەج بە میوزیک خەڵک هێمن دەکاتەوە


رووداو- ئاژانسەکان

توانا فەرەج پیانۆژەن، ئەلبوومێکی تایبەت بە میوزیکی کوردی تۆمار دەکات، کە لە هەشت تراک پێکدێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڤیدیۆکلیپێكی میوزیکی بەناوی دڵنشین بڵاودەکاتەوە.


توانا فەرەج بە رووداوی راگەیاند "ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئەلبوومێکی میوزیکم، دەمەوێت لەم جەنجاڵیەی ژیان و کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان، خەڵک دوور بکەمەوە و بە میوزیک دڵ و دەروونیان ئارام بکەمەوە، بۆیە ئەلبوومێکی میوزیکم لەبەر دەستەو تاوەکو ئێستا 4 پارچە میوزیکم تۆمار کردووە، کە بەشێکی زۆر لە میلۆدییەکان خۆم دامناوە، بەشێکیش سوودم لەو میلۆدییە رەسنانەی کورد بینیوە، بەڵام بە دابەشکردنێكی تازە، پەنا بەخوا لە ماوەیەکی نزیکدا ئەلبوومەکە بڵاودەکەمەوە".

توانا سەبارەت بە ڤیدیۆکلیپەکە گوتی " ئێستا ڤیدیۆکلیپی دڵنشین ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە، کە لە ئاواز و دابەشکردنی خۆمە و ئالان کامیل بە کەمان و ڤیۆلا بەشداری کردووەو ئارە ئەحمەد ماسترینگی بۆ ئەنجامداوە، بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە".