وریا ماملێ: ئەمساڵ خەڵاتی ماملێ نابەخشرێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی دووشەممە، یادی هونەرمەند محەممەد ماملێ لە هەولێر دەکرێتەوە و بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمساڵ خەڵاتی ماملێ بە هیچ هونەرمەندێک نادرێت.
وریا ماملێ، کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەد ماملێ و گوتەبێژی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 17:00ـی سبەی دوشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2023 لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر، 24مین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەممەد ماملێ بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ساڵانە لەو یادەدا خەڵاتی ماملێ بە هونەرمەندێکی کورد دەبەخشرێت، بەڵام ئەمساڵ بڕیاریاندا ئەو خەڵاتە نەبەخشن، بەڵکو ئەو خەرجییە بۆ خەڵاتەکە دانرابوو و ئەو کۆمەکەی کۆکراوەتەوە، پێشکێش بە قوربانییان دۆخی ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، وەک ماڵباتی شەهیدان، برینداران و ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە بێ کاربوونە.
هەروەها لە راگەیێندراوی مەڵبەندی هونەریی ماملێ لەبارەی خەڵاتی ئەمساڵدا هاتووە: "لە ماوەی 14 ساڵی تەمەنیدا، بە مەبەستی رێزلێنان و برەودان بە هونەر و موزیکی کوردی، بێ پچڕان 13 خەڵاتی ماملێی پێشکەشی هونەرمەندی کورد کردووە. ئێمە پێمانوایە لەو ماوەیەدا سەرەڕای کۆمەڵێک کەموکورتی و گرفتی ماددی، هەوڵمانداوە لە هەموو بوارێکەوە بەتایبەت لە بواری سیاسی و داراییەوە سەربەخۆ بمێنینەوە و بەدڵنیاییەوە لەو ڕێبازەدا سەربەخۆ دەمێنینەوە".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی رابوردوودا لە رۆژهەڵاتی نیشتمانمان گوشارەکان دژ بە گەلی کورد گەیشتنە لووتکە و گەل بۆ داکۆکی کردن لە مافە سەرتاییەکانیان و بۆ وەدەستهێنانی سەربەستی، لە ژێر درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) ڕژانە شەقامەکان و قارەمانانە لە ماف و خوێنی هاونیشتمانیان بە خاوەن دەرکەوتن. لەو کەشەدا کۆمەڵێک هاونیشتمانی شەهید بوون و بەشێکی زۆریش بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران و بە هەزاران کەسیشی دیکەش لەبەر مانگرتنە گشتییەکان، بۆ نانی شەو دەستەوەستان مانەوە. لەو دۆخەدا کە خەڵکەکەمان لەوپەڕی گوشار و ناڕەحەتیدا دەژین و تازیەباری خوێنی شەهیدانمانین، دەبینین لە سەرانسەری جیهاندا کوردانی تاڕاوگە قۆڵ هەڵدەماڵن، هەرەوەز دەکەن و یارمەتی دەنێرنەوە ناوخۆ بەڵکوو کەمێک لە ئازارەکانی ئەو میللەتە کەم کەنەوە. لەبەر رێزلێنان بۆ خوێنی شەهیدانمان و گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرکەوتەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشکێشکردن و بەڕێوەبردنی خەڵاتی ماملێی بۆ ساڵی 2023 بە گونجاو نەزانی و بڕیاری دا تێچووی خەڵاتی ئەوساڵ بکاتە یارمەتی بۆ قوربانیان و بەرکەوتەکانی شۆڕشی ژینا".
ساڵی رابردوو، خەڵاتی ماملێ بە هونەرمەند کاوە فەقێزادە بەخشرا، هەروەها خەڵاتەکە پێشتر بە هونەرمەندان، قاڵە مەڕە، مەزهەر خالقی، خەلیل غەمگین، ناسر رەزازی، عەباس کەمەندی، باکووری، عەزیز شارۆخی، دڵشاد محەممەد سەعید، تیپی مۆسیقای سلێمانی و حوسێن سەفامەنێش کراوە.
محەممەد ماملێ، ناوی تەواوی محەممەد سەعید عەلییە، لە 2ـی حوزەیرانی 1925 لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، زیاتر لە 700 گۆرانی گوتووە، زیاتر هەڵبەستەکانی وەفایی، مارف ئاغایی، گۆران، هەژار موکریانی و هێمن موکریانی کردووەتە گۆرانی، زۆرجاریش خۆی شیعری نووسیووە.
ماملێ، لە 13ـی کانوونی دووەمی 1999 کۆچی دواییکردووە، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هونەرەکەی بە زیندوو لە نێو خەڵکدا ماوەتەوە.