نەوال زوغبی: گەلی کورد حەزی بە ژیانە و وڵاتەکەیان سەرنجڕاکێشە
رووداو دیجیتاڵ
نەوال زوغبی، هونەرمەندی لوبنانی، ئاهەنگێکی بۆ هەوادارانی لە هەولێر سازکرد و رایگەیاند، گەلی کورد حەزی بە ژیانە و وڵاتەکەیان سەرنجڕاکێشە.
نەوال زوغبی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی: "هەموو جار کە سەردانی ئێرە دەکەم، گەلی کورد لە ئاهەنگەکاندا زۆر بە قەرەباڵخی بەشدار دەبن. منیش ئەم وڵاتەم خۆشدەوێت. هەرچەند جەماوەرمان هەبێت، ئێمەش بەردەوام سەردانی دەکەین".
هەروەها گوتی: "گەلی کورد حەزی بە ژیانە، وڵاتەکەشیان زۆر سەرنجڕاکێشە. پەنا بەخوا ئەم وڵاتە هەر لە ئاشتی و ئارامیدا دەژیت، ئەمانە گرنگترین شتن".
لەبارەی دۆخی وڵاتەکەیەوە، گوتی: "خاڵی یەکەم، لوبنان چیدی لە دۆخی خراپدا ناگوزەرێت، چیدی جەنگ روونادات. ئێمەی لوبنانییەکان و هونەرمەندانیش یەک دەستین و هیواخوازین ئاشتی بۆ وڵاتمان بگەڕێتەوە و دەوڵەتێکی راستەقینەمان هەبێت. بۆ ئەوەی لە سایەی دەوڵەتێکدا ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران و داهاتوویەکی گەش و پارێزراودا بەسەر ببەین".
ئەو گۆرانیبیژە لەبارەی بەرهەمی نوێ و ئاهەنگەکانییەوە، ئاشکرای کرد: "رەمەزان نزیک بووەتەوە، سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەلبوومێکم و بە دڵنیاییەوە دوای رەمەزان ئاهەنگی جیاوازمان دەبێت".
نەوال زوغبی، لە کۆتایی 2013 سەردانی هەولێری کرد و کۆنسێرتێکی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ سازکرد. هەروەها لە 2023 سەردانی ئەو شارەی کرد، بەڵام هیچ کۆنسێرتێکی ساز نەکرد و ئامانجی سەردانی بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بوو لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عەرەبییەکان.
نەوال زوغبی، یەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی عەرەبە و لە نێو هەوادارانیدا بە "ئەستێرەی زێڕین" دەناسرێت، خاوەنی 17 ئەلبوومی گۆرانییە.