لە لەندەن شێوازەکانی جلوبەرگی عەرەبی نمایشکران

رووداو- لەندەن

بۆ نیشاندانی جلوبەرگێکی جیاواز لە ئەوروپا، ئافرەتانی عەرەب بە هاوکاری کۆمەڵێک رێکخراوی بیانی شێوازی جل و بەرگی خۆیان لە لەندەن نمایش کرد، لە نمایشەکەدا کۆمەڵێک لە شارەزای ستایلی جل و بەرگ لەگەڵ میوانێکی زور بەشدار بوون. 


مایا شارەزای بواری فاشن و جلوبەرگ دەڵیت "مەبەستی ئەم نمایشە ئەوەیە، کە جل و بەرگی عەرەبی تێکەڵ بەرۆژئاوا بکرێت، بۆ ئەوەی تێکەڵێک لە ستایلی عەرەبی و ئەوروپی دروست بێت، تاوەکو ئەوروپییەکانیش بتوانن سوود لە ستایلی عەرەبی وەربگرن". 

هاوکات ئادەم کە نمایشکارو راهێنەری نمایشکارەکانیشە پێیوایە زۆر گرنگە سوود لە کولتوورو فەرهەنگی یەکتر وەربگرین، لەمبارییەوە دەڵێت "ئێمە لە رێگای نمایشکارە ئینگلیزەکانەوە دەمانەوێت ستایلی عەرەبی بە جیهان بناسێنین، ئەمە یەکەم جارە نمایشێکی گەورەی جل و بەرگی عەرەبی لە لەندەن بەڕێوەبچێت، ئەوروپییەکان زۆر دڵخوش بوون بە لەبەرکردنی ئەو جلانە" . 
 
لەم نمایشە تایبەتییەدا بەشێک لە ئامادەبووان، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، باسیان لەوە کرد، کە ئەوان لە وڵاتی خۆیان بەشێوازێکی ئاسایی و دوور لە تیرۆر و خوێنڕشتن جۆرەها جلو بەرگیان پۆشیوە بێ ئەوەی لە کەس بترسێن. 

 ئەمەل عەنقاوی، دیزاینەری ناسراو دەڵێت "ئێمە لە رێگای لەم جۆرە نمایشانەوە دەمانەوێت بە جیهان رابگەیەنین، کە وڵاتانی روژهەڵاتی ناوەڕاست سەلامەتەو هیچ ترسمان لە تیرۆریستان نییەو ئیمە هەموو  پشت و پەنای یەکیترین".