لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی کان فیلمێک لە پاڵەوانییەتی گوێدرێژێک لە کێبڕکێدایە
رووداو دیجیتاڵ
'EO' یەکێک لە فیلمە بەشداربووەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانە و گوێدرێژیک رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و لە بەشێ کێبڕکێی سەرەکیدا بەشدارە.
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی جیرزی سکۆلیمۆڤسکی، دەرهێنەری پۆڵەندییە و چیرۆکێکی جیاوازی بە بەراورد لەگەڵ فیلمە بەشداربووەکانی ئەمساڵدا هەیە.
فیلمەکە بەرهەمی هاوبەشی پۆڵەندا و ئیتاڵیایە، تێیدا باس لە گوێدریژێک بەناوی ئیو خاوەن دوو چاوی خەمبار لە گرووپێکی سێرکدا دەکات، بەڵام لە دوای ئەوەی چالاکڤانانی مافی ئاژەڵ، فشار دەخەنە سەر گرووپەکەی سێرک، هەموو ئاژەڵەکانیان ئازاد دەکەن، لەوانە گوێدرێژەکە و لەوێوە چیرۆکی ئەو ئاژەڵە دەستپێدەکات و گەشتێک بە نێو جیهان مرۆڤەکاندا دەکات.
لە فیلمەکەدا زیرەکی دەرهێنەر لەوەدا دەردەکەوێت کە لە نێو ئەو هەموو ئاژەڵەدا گوێدرێژی هەڵبژاردووە، لە کاتێکدا ئاژەڵی وەک سەگ، پشیلە و ئەسپ لەلای بینەر خۆشەویستترن و زیاتر لە فیلمەکاندا بەکاردێن، دەرهێنەر لە بەشێکی چیرۆکەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو، هەرچەند گوێدرێژ هاوکارێکی سەرەکیی مرۆڤە لە گوندەکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵێکی خۆشەویست نییە و مرۆڤ بۆ کەمکردنەوەی یەکدی بە گوێدرێژ بانگی یەکدی دەکەن.
لە فیلمەکەدا لە چاوی گوێدرێژێکەوە رووداوەکانی پیشاندەدرێن و جگە لە هەڵسەوکەتی مرۆڤ لەگەڵ گوێدرێژەکە، هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانیش پێشاندەدرێت، هەروەها دوو جۆر مرۆڤ پێشاندەدرێت، ئەوانەی بە زەییان بە 'ئیۆ'ـدا هاتووەتەوە و خۆشیان ویستووە و ئەوانەی هەوڵی دزین و فرۆشتنیان داوە.
بە نمایشکردنی فیلمی کۆمێدی 'Final Cut' چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان رۆژی سێشەممە 17-5-2022، لە کانی باشووری فەرەنسا دەستیپێکرد و چالاکییەکانی تاوەکو 28 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
'Final Cut' فیلمێکی فەرەنسییە و لە دەرهێنانی میشێل هازێناڤیسیۆسە و بە بودجەیەکی کەم بەرهەمهاتووە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدییەکانە و لە دەرەوەی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵ پێشاندرا.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژمارەیەک فیلمساز دەکات کە سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکن لەبارەی زۆمبییەکان، بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا، زۆمبی راستەقینەیان لێ پەیدا دەبێت و هێرشیان دەکرێتە سەر.
ئەم بەرهەمە سینەماییە کۆپی فەرەنسی فیلمی ژاپۆنی 'One cut of the dead'یە و پێشتر بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەی هەبووە.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شانازیی چڵەبەڕووی زێڕینی بە فۆڕێست وێتیکەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزلێنانێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
وێتیکەر، لە 15-7-1961 لە ئەمریکا دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر و چالاکڤانە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە، ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و دوو خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە.
ئەو سینەکارە جگە لە کاری سینەمایی، بە کاری مرۆیی ناسراوە، لە 2011 وەک باڵیۆزی نیازپاکی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ دەستنیشانکرا، دواتر پلەی بۆ نێردەی تایبەت بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی بەرزکرایەوە.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کان لە 2020 و سازکردنی لە ساڵی دواتر، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ 75مین خولی بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەچێت.
ژمارەی هونەرمەندان و سینەماکارانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن، بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردووە، زیاترە.
فیلمی بایۆگرافی و میوزیکی 'Elvis' یەکەم پێشاندانی لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا دەبێت و باز لۆرمان، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئوسترالی لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تیشک دەخاتە سەر ژیان و کارە هونەرییەکانی ئێلڤیس پریسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی، تێیدا تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی بەڕێوبەری کارەکانی دەگێڕێت کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوانیاندا هەبووە.
یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا پێشاندار، نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'ـە کە بەناوی 'Top Gun: Maverick'ـە و بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە تۆم کروز، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و دەرهێنەرەکەی جۆزێڤ کەسینسکی.
کۆسینسکی، پێشتر رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
لە خولی ئەمساڵدا، بەخشینی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ لەسەر سکرینە گەورەکانی فیستیڤاڵ بەشێوەی راستەوخۆ، پەخش ناکرێن، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە پەخشی راستەوخۆی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکان لەو سکرینانە پەخش دەکرا.
ڤێنسنت لەندەن، ئەکتەری فەرەنسی، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە دەکات و لەم خولەدا پێنج دەرهێنەری ژن لە پێشبڕکێدان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵ کە چڵەبەڕووی زێڕینە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە فیلمی پێنج دەرهێنەری ژن بچنە نێو پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە سینەماییەکاندا.
سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاشکرایان کردووە، لە خولی ئەمساڵدا بەکارهێنانی دەمامک ناچاری نابێت و بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەس داوا ناکرێت.
لە 74مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کە لە 2021 بەڕێوەچوو، جگە لە داواکردنی وەرگرتنی ڤاکسین و بەکارهێنانی دەمامک، ماچکردنیش لەسەر فەرشی سوور قەدەخکرابوو.
سەبارەت بە بەشداری رووسیا لە فیستیڤاڵەکەدا، ئەو سینەماکارانەی پەیوەندیان بە حکومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە، ناتوانن لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار بن، لە بەرامبەردا، چەند فیلمێکی دەرهێنەرە ئۆکراینییەکان پێشاندەدرێن.
فیستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فیستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، وب یەکێک لە پێنج گرنگترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
فیستیڤاڵەکە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێ و هەفتەی رەخنەگران و چەندین خەڵاتیش دەبەخشێتە فیلم و فیلمسازان، خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵیش چڵەخورمای زێڕینە.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یەڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فیستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.