فیلمێکی یواکیم تریەر بەربژێری چڵەخورمای زێڕینی کانە


رووداو دیجیتاڵ

یواکیم تریەر، دەرهێنەری نەرویجی، بە فیلمێکی کۆمێدی لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدارە و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکی دەکات.
 
فیلمەکە بەناوی "Sentimental Value"یە و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵدایە و لەگەڵ 20 فیلمی دیکە پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵ دەکات کە چڵەخورمای زێڕینە.
 
بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و بەشێک لە ستافی فیلمەکە، رۆژی چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025 فیلمەکە لە فێستیڤاڵ پێشاندرا کە ناوەڕۆکی لەبارەی پەیوەندی و بیرەوەری خێزانییە و هێزی هونەر لە رێککەوتن و ئاشتبوونەوە دەخاتەڕوو.
 
لە 2021 فیلمی "The Worst Person in the World" لە دەرهێنانی تریەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بردەوە.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان شەوی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، بە پێشاندانی فیلمی "Leave One Day" لە شاری کانی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو 24ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەورووپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.