داهاتی بەشی نوێی (The Conjuring) زیاتر لە 482 ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی ترسناکی ئەمریکی (The Conjuring) بەناوی (Last Rites)، بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات و کۆی داهاتی گەیشتووەتە 482 ملیۆن و 39 هەزار دۆلار لە سەرانسەری سینەماکانی جیهاندا.
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای وۆرنەر برۆسە و ماوەکەی دوو کاژێر و 15 خولەکە، پێشاندانی لە 5ـی ئەیلوولی 2025 لە سینەماکاندا دەستیپێکردووە.
داهاتەکانی فیلمەکە بەسەر 175 ملیۆن و 439 هەزار دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 306 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا دابەشبووە.
چیرۆکی فیلمەکە لەبارەی رووداوێکی راستەقینە وەرگیراوە و باس لە یەکێک لە ترسناکترین دۆسییەکانی دوو لێکۆڵەری بواری رووداوە سەرووسروشتییەکان، ئێد و لۆرین وارن دەکات.
خێزانی سمورڵ کە پێکهاتووە لە جاک و جانێت و منداڵەکانیان، دەچنە ماڵێکی نوێوە کە بەردەوام خەونیان پێوە بینیوە، بەڵام ئەم ماڵە ژیانیان وێران دەکات.
فیلمی (The Conjuring: Last Rites) ژمارەیەک ئەکتەری دیاری هۆڵیوود لەخۆدەگرێت، لەوانە ڤێرا فارمیگا کە رۆڵی لۆرین وارن دەگێڕێت و پاتریک ویڵسن کە رۆڵی ئێد وارن دەگێڕێت.