کورتەفیلمی هەشت دەرهێنەری ژن لە فێستیڤاڵی دەریای سوور کێبڕکێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، لیستی کورتە فیلمە بەشداربووەکانی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵەکەیان راگەیاند، بڕیارە لە 4 تا 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری جەددەی مێژوویی (بەلەد) بەڕێوەبچێت.
خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵە سعودییەکە بە بەشدارییەکی پێوانەیی هەژمار دەکرێت کە رەنگدانەوەی فرەڕەنگیی دیمەنی سینەمای جیهانی و زیندوویی ئەزموونە نوێیەکانی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا لەخۆدەگرێت، بە تایبەتیش دوای راگەیاندنی لیستی کورتە فیلمەکانی بەشداربووی ئەمساڵی.
لیستەکە 11 کورتەفیلمی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت کە لەنێو زیاتر لە 840 بەرهەمی هەڵبژێردراون.
یەکەمجارە لە مێژووی فێستیڤاڵەکەدا، هەشت کورتەفیلمی دەرهێنەرانی ژن رکابەری لەو رووداوە سینەماییەدا بکەن.
ئەم هەنگاوە دەربڕی زیادبوونی ئامادەیی ژنانە لە پیشەسازیی سینەمایدا، هەروەها جەختکردنەوەی فێستیڤاڵەکەیە لە بەهێزکردنی ژنانی داهێنەر و پشتگیریکردنی چیرۆکەکانیان کە گوزارشت لە ئەزموونە مرۆییە جۆراوجۆر و کاریگەرەکان دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی و لە ئاستی فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەکاندا، بایەخێکی زۆر بە بەشداریی ژنە دەرهێنەرەکان دەدرێت.
وڵاتە بەشداربووەکانی ئەمساڵ بریتین لە باشووری ئەفریقا، مالیزیا، چین، کۆماری کۆنگۆ، قرغیزستان، چاد، هیندستان، جۆرجیا، کینیا، و میانمار کە بۆ یەکەمجار بەشداری دەکات.
تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە دوو خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەدا رووماڵی تایبەتی بۆ چالاکییەکانی کردووە، پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ فێستیڤاڵەکەدا هەیە. لە خولەکانی پێشوودا، بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد کە رووداو لە بەرهەمهێنانیدا هاوبەش بوو، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوو.
هەروەها لە خولی چوارەمدا، هەڵکەوت مستەفا نوێترین پڕۆژەی خۆی بەناوی (فارووق) راگەیاند، کە بەڵگەفیلمێکە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە.
فێستیڤاڵەکە یەکەم پێشاندان بۆ ژمارەیەک فیلم دەکات کە بۆ یەکەمجار لە جەددە نمایش دەکرێن، ئەمەش دەرفەتێک دەداتە ئامادەبووان بۆ دۆزینەوەی دیدگای سینەمایی نوێ و ئەزموونی نائاسایی.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ تەنیا پێشاندانی فیلم نییە، بەڵکو چەندین بەرنامەی پیشەیی تایبەتمەند بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازیی فیلم و پەرەپێدانی بەهرەکان لەخۆدەگرێت، وەک (بازاڕی پڕۆژەکان)، (بەرنامەی بەهرەکان) و (وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سیناریۆ)، لەگەڵ ئەنجامدانی دیالۆگی کراوە لەگەڵ فیلمسازە جیهانییەکاندا.