ئەلبوومی نوێی عەلی ئینانر ئاوێتەکردنی میوزیک و گۆرانییە لەگەڵ وێنەکێشان
رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئینانر، هونەرمەندێکی کوردە و خەڵکی دێرسمی باکووری کوردستان، ئەلبوومێکی نوێی دیجیتاڵی بڵاوکردەوە و لە 12 تراکی گۆرانی پێکهاتووە.
ئەلبوومەکە بریتییە لە کەڤەرکردنی بەرهەمی هونەرمەندانی دیکەی، گۆرانییەکان لە تێکستی ئارژەن ئاری، سەیدایێ تیرێژ، محەممەد چەتین، حوسێن ئەرسەلان و کەنعان جۆشکونە و یەکێک لە گۆرانییەکان بەرهەمی هونەرمەند رەنجبەر عەزیزە.
عەلی ئینانر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە ئاوێتەکردنی میوزیک و گۆرانییە لەگەڵ هونەری شێوەکاری و تابلۆی شێوەکارانی چوار پارچەی کوردستانی وەک کەڤەری گۆرانییەکان لە یوتیوب بەکارهێناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تابلۆکان بەرهەمی هونەرمەندان لوقمان ئەحمەد، هێرۆ شێخە، هاکان یەشار، ئایشە قەرەجەداخ، موراد ئیپەک، قاسم سابیر و ئەرداڵ گڵداخە.
ئینانر روونیشیکردەوە، ئەلبوومە نوێیەکەی پڕۆژەیەکی هونەریی نەتەوەییە لە رێگەی هونەری شێوەکاری و میوزیک و گۆرانی. گوتیشی، پێویستە هونەرمەندانی کورد پاڵپشتی یەکدی بن، چونکە پێویستیان بە پاڵپشتییە.
ئەو هونەرمەندە کوردە کە دانیشتووی هەولێرە، بەنیازە بەشێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکەی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوبکاتەوە.