جەیمس رانسن لە 46 ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی هێنا


رووداو دیجیتاڵ

جەیمس رانسن، ئەکتەری ئەمریکی کە بە رۆڵی لە زنجیرەی (The Wire) ناسرابوو، لە تەمەنی 46 ساڵیدا کۆچی دواییکرد؛ پزیشکی دادوەریی لۆس ئانجلەسیش دەڵێت "کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
 
بەپێی تۆمارە ئۆنلاینەکانی نووسینگەی پزیشکی دادوەریی پارێزگای لۆس ئانجلەس، تەرمی جەیمس رانسن رۆژی هەینی دۆزراوەتەوە و هۆکاری گیانلەدەستدانەکەشی بۆ "خۆکوشتن" گەڕێنراوەتەوە.
 
رانسن لە کارنامە هونەرییەکەیدا بەشداریی لە چەندین فیلم و زنجیرەی درامایی سەرکەوتوودا کردووە، لەوانە فیلمە ترسناکەکانی (It: Chapter Two) و (The Black Phone) و (Black Phone 2). هەروەها لەسەر ئاستی تەلەڤزیۆن، جگە لە درامای (The Wire) کە ناوبانگێکی جیهانیی پێبەخشی، لە زنجیرەکانى (Bosch) و (Poker Face)ـدا رۆڵی گێڕاوە.
 
تاوەکو ئێستا نوێنەرانی رانسۆن و گوتەبێژی نووسینگەی پزیشکی دادوەری هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە بۆ میدیاکان نەداوە.
 
جەیمس رانسن بە یەکێک لەو ئەکتەرانە دەناسرێت کە توانایەکی بەرچاوی لە بەرجەستەکردنی رۆڵە ئاڵۆزەکاندا هەبوو، بەتایبەت ئەو کارانەی کە لەلایەن (HBO) بەرهەمهێنراون.